عێراق و هەرێم
Plus4
پێش 12 کاتژمێر

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بگیرێنەبەر

 

حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ هەیە كە لەكاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یا هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگرتن لەدووبارە بوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێنەبەر.

 

بەڵام بەداخەوە هەستدەکەین جۆرێك لەپەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر ئەو زیادەڕۆییە ئەمنییانەی لەدژی هەرێم ئەنجامدەدرێن.

 

لەساڵانی ڕابردووش كە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستەو سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیاربوون و چەندینجار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا دروستبوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرادەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكراو كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدراو هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرامبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر. 

 

ئەمە لەحاڵێكدا بوو كە لەبەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووەو بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەردەستبوون.

 

لێرەدا ڕایدەگەیەنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بەئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتیان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگا فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمە.