
Plus4
پێش 18 کاتژمێر
پێشەوا هەورامانی؛ وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەختیکردەوە: ئەوان لەهەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بەئاراستەی چارەسەرکردنی یەکجاریی پرسی مووچە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتنێک ئامادەکراوەو خراوەتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق.
هەورامانی دەشڵێت: گەر هەر کاتێک ئەو ڕێککەوتنە واژۆ بکات، ڕاستەوخۆ دەتوانرێت مووچەی دوو مانگ بۆ هەرێم بنێردرێت.
پێشەوا هەورامانی وتیشی: بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کراوەتە مەرج بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەفدی حکومەتی عێراقیش پێیانوتووین لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام کۆمپانیاکان دەڵێن زۆر نزیکن لەڕێککەوتنی کۆتایی.
ڕاشیگەیاند: ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەیان ناردووە بۆ سوودانی تا واژۆی بکات. ئێمە چاوەڕێی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەین، پێیان وتووین هەرکات واژۆ کرا، پارەی مووچە دەنێرن.
دەشڵێت: کەس لەمەریخەوە نەهاتووەو هەمووان لەدۆخی مووچەخۆران تێدەگەین، ئێستا تۆپەکە لەگۆڕەپانی بەغدادایەو چارەنووسی یەک ملیۆن مووچەخۆری هەرێم چاوەڕێی واژۆیەکە.