
رێبوار کەریم وەلی
پێش 9 کاتژمێر
هەڵکشانی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە سەرکردەیەکی ناوچەییەوەیە بۆ رابەرێکی نێودەوڵەتی و حزوری بەردەوامی لە ئاراستەکردنی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا، بارزانیی باوک و مەسروری کوڕی هەراسان کردووە.
*
لانیکەم لە دە ساڵی رابردوودا، کەس بەقەدەر بارزانیی باوک و کوڕ قەیرانیان بۆ کوردستان دروست نەکردووە. رەنگبێ ئەوانەی ئەمڕۆ ئابوریی سەربەخۆ بە چاوی نێچیرڤان بارزانی دادەدەنەوە و بە ئەندازیاری بڕینی بودجەی کوردستانی لە قەڵەم دەدەن، ئەوە نادیدە دەگرن کە لە راستیدا، ئەندازیاری بڕینی بودجە بارزانیی باوک بوو.
*
بوغرایی و سەرکێشییەکانی بارزانیی باوک لەوەی کە دەبێ ئەو بڕیار بدات کێ سەرۆک وەزیرانی عێراقە و، کێ سەرۆککۆماری عێراقە و مل لەبەر ملنانی مالیکی، وایکرد کە بەغدا بودجەی کوردستان ببڕێ.
*
ئەوێ رۆژێ، بارزانیی باوک و تاڵەبانی، بەیەکەوە لە هەوڵێر قوفڵی بۆڕیی نەوتی کوردستانیان کردەوە و کابینەی هەشتەمیان خستە ژێر باری ئەوەی کە بڵێ بە پارەی نەوت بودجەی کوردستان دابین دەکەین. بۆ بارزانیی باوک دوو شەش بوو، حکومەت سەرکەوتوو بوایە، کارتی ئەو بەرامبەر بەغدا بەهێز دەبوو. سەرکەوتوو نەبوایە نێچیرڤان بارزانی دەشکا.
*
سەرباری شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت و کارەساتی ریفراندۆم بۆ یەک رۆژیش کابینەی هەشتەم خۆی لە بەرپرسیاریەتیی قوتی خەڵک نەدزییەوە؛ بە هەر قەللە و دەللەیەک بێ روبعە موچەیەکیش بایە، سەری مانگ دەیدا و نەیدەگوت چاوەڕێی تەیف سامیم!
*
رەنگبێ بڵێن روبعە موچە و نیو موچە چ فەزڵێکە!؟
*
روبعە موچە و نیو موچە لە کاتێکدا بوو کە کەمترین جۆری باج لە کوردستان پێڕەو دەکرا و هاوڵاتی بۆ هەناسەدانیش باجی نەدەدا، نرخی بەرمیلێک نەوت تا 25 دۆلار دابەزیبوو، دێوەزمەی داعش لەسەر سنورەکان بوو.
*
ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ شەڕ لەگەڵ داعش دەنێردرایە هەولێر، چەند من و تۆ ئەو پارەیەمان دێت، نێچیرڤان بارزانیش هەر ئەوەندە! بە مۆڵی دەگوازرایەوە بۆ پیرمام! سەرباری ئەوەش دەوڵەمەندەکانی کوردستان، لەففەیان دەناردە بەرەی جەنگ و، پێشمەرگەش کە لە جەبهە دەکوژرا، دەبوو کەسوکارەکەی بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی پیکاپ بەکرێ بگرن!
*
چەند مانگێک پێش ئەوەی لە 2019 نێچیرڤان بارزانی حکومەت رادەستی مەسرور بارزانی بکات، حکومەت توانیبووی لە کاتی خۆیدا و بێ لێبڕین موچە بدات. ئینجا مەسرور بارزانی هەر زوو خۆی لە بەرپرسیارییەتی کشاندەوە و رایگەیاند کە حکومەت 28 ملیار دۆلار قەرزارە، کە راستیدا وا نەبوو؛ بەشی هەرەزۆری ئەو پارەیە ئەو موچانەی هاوڵاتیان بوون کە نەدرابوون لەگەڵ قەرزی بەڵێندەران، بە واتایەکی دیکە رێژەیەکی کەم قەرزی دەرەکی و کۆمپانیاکان بوون. مەسرور بارزانی نەک ئەو قەرزەی پێ کەم نەکرایەوە، بگرە لە ماوەی دوو ساڵدا (خۆڕاگرانە)قەرزەکەی گەیاندە 30 ملیار دۆلار!
*
مەسرور بارزانی بەرامبەر بە نێچیرڤان بارزانی تووشی گرێی دەرونی بووە؛ حەوت ساڵە سەرۆکی حکومەتە هیچ دەستکەوتێکی نییە باسی بکات، یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی سەردەمی ئەو کردنەوەی کارگەی ئایسکریمی سۆرانە و، قردێلەی ئەو پرۆژانەش دەبڕێ کە لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بناغەیان داندراوە!
بە درێژایی ئەو حەوت ساڵە ئەگەر بە هێمنی وازی لە شەڕکردن لەگەڵ رابردووی نێچیرڤان بارزانیدا هێنابایە، بای ئەوەندە متمانەی بە خۆی بوایە کە شایستەی ئەو کورسییەیە کە لەسەری دانیشتووە و خەریکی ئیشی خۆی بایە، رەنگبێ مێژوویەکی جیاوازی لەو کارەسات نەهامەتییە تۆمار کردبا کە بەسەر ئەو میللەتەی هێناوە.
*
چەند رۆژێکی دیکە ساڵوەگەڕی ئەو رۆژە شومەیە کە ئەو تێیدا بوو بە سەرۆکی حکومەت. دەزانم میدیا و بوقە بەرماوەکانی خەریکی هۆنینەوە و پاڵەوانسازین لە پیاوێک کە دوو مانگە موچەی هاووڵاتیانی پێ نەدراوە. لە کاتێکدا، ئەوە بۆ سێ ساڵە رۆژانە نزیکەی300 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێ، مانگانە نزیکەی 300 ملیار دینار وەک باجی ئاشکرا و بە ملیۆنەها دۆلاریش وەک سەرانەی نهێنی لە دەوڵەمەندەکان دەستێنێ!
کە لێیدەپرسی کوا موچە؟ دەڵێ موچە بەدەست بەغدایە! باشە ئایا موچەخۆر ناهەقیەتی ئەگەر بڵێ تۆ نەتوانی موچە بدەی رۆژ تا ئێوارە سوپاس ببەشییەوە، مەحللی جەنابت لە ئیعرابدا چییە؟!؟!؟
*
پوختەی کەلام، لادانی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت ئەرکێکی نیشتیمانی و زەرورەتێکی مێژووییە. بە وجودی ئەو قەت کێشەکان لە گەڵ بەغدا چارە نابن و هەموو چارەکانیش کاتین. چونکە متمانەپێکراوترین کەسانی نزیک لە بارزانیی باوک و کوڕ لە بەغدان، ئەوانیش سور دەزانن کە ئەو هەژمونخوازییەی باوک و کوڕ دەیکەن لە دەرەوەی قاعیدەی یارییەکەیە، هەر بۆیەشە بێدەنگن. ئەوانیش ئەوە دەبینن کە کێشەکە بارزانیی باوک کوڕن نەک بەغدا.
*
لەگەڵ فەردەیەک سوپاس و کەرامەت!