
پێش هەفتەیەک
ئەمریکا دوا هۆشداری بەهاووڵاتیانی دەدات بەهیچ شێوەیەک مەچنە نێو عێراقەوه
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی تری ئاراستەی هاووڵاتیانی دەکات و دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک مەچنە نێو عێراقەوە تەنانەت بۆ کاری پێویستیش.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە: بەهۆی بارودۆخی ناسەمگیری ناوچەکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی تری ئاگاداری و هۆشداریی ئاراستەی هاووڵاتیانی دەکات و دەڵێت: ئاستی ئاگادارکردنەوەمان لە عێراق لەپلە چواردایە.
دەشڵێت: بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە هاووڵاتیانی ئەمریکا سەردانی عێراق بکەن، بۆ لوبنانیش بەکەسوکاری فەرمانبەرانی سەرەکیمان وتووە تا بەزووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
لەئێستاشدا نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە عێراق، دەستی بەکشانەوەی بەشێک لەکارمەندانی کردووە
لەڕاگەیەندراوێکیشدا هاتووە: ئەمریکا ترسی لەهێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکە ئەو ناوچانەی کە ئەمریکییەکان و کۆمپانیاکانی تێدایە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران، بڕیاری کشانەوەی بەشێک لەکارمەندانی داوە.
هۆشداریش بەئەمریکییەکان دەدات و دەڵێت: خۆتان لەو شوێنانە بەدووربگرن کە بیانییەکان زۆر سەردانیان دەکەن و مەچنە ئەو شوێنانەش کە کۆبوونەوەی بەکۆمەڵیان تێدایە.