فهمي فايق
فەهمی فایەق
پێش هەفتەیەک

ئەمەوێت دەست بخەمە سەر ئەو خاڵەی زۆر گرنگە بۆ كورد و لەناو كوردا بۆ پارتی كە ڕابەرایەتی دۆزی كورد دەكات بەتایبەتی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پۆستە حكومی و ئەمنی و خزمەتگوزارییەكان كە خۆیان لە دەیان پۆستی سیادی و وەزیر و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی دەبن لەناو حكومەتی عێراقدا.

 

جێگەی داخە ئەمە دەڵێم تاكو ئێستە هیچ كامێك لەو پۆستانە نەیان توانیوە ببنە فاكتەرێك بۆ چارەسەری ئەو سەدان كێشەیەی نێوان هەرێم و عێراق، كورد پتوانێت سود لەو پۆستانە وەربگرێت ئەم لاوازیەش دەگرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم نوێنەرانە یا كەمتەرخەمن یان نەشارەزان یاخود بەمەبەست و بۆ دەستكەوتی شەخسی وادەكەن.

 

بەدڵنیایی من مەبەستم هەموویان نيیە بەڵكو لەدوای ڕوخانی ڕژێمەوە و لەدوای ئەوەی سەرۆك بارزانی و خوا لێخۆشبوو مام جەلال توانیويانە ڕۆڵی كورد و پێگەی كورد لەعێراقی نوێدا دیاری بكەن كۆمەڵێك نوێنەر و كارەكتەری چاو نەترس و یاساناس و ڕابردوو پاك دەستنیشان كران بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستانەی كە مافی كورد بوون لەعێراقدا، بۆ نمونە لەسەردەمی خوا لێخۆش بوو ، دكتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس ، كاك وشیار زێباری و بابەكر زێباری و دكتۆر بەرهەم ساڵەح و دكتۆر فواد مەعسوم كاتێك سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی بوو لەپەڕلەمانی عێراق و كاك عارف تەیفور ، سەلام خۆشناو ،چەندین كەسی تریش، كە ئەم كارەكتەرانە خۆیان و پێگەكانیان خستبوە خزمەتی و هەرێمی كوردستان و مافەكانی خەڵكی هەرێمەوە.

 

كۆمەڵێك كەسی ترسنۆك و گەندەڵ كران بەنوێنەری كورد
 
لەسەردەمی ئەواندا هیچ كام لەم كێشانەی ئێستە بوونیان نەبوو، بەڵام لەدوای ١٦ ئۆكتۆبەرەوە كۆمەڵێك كەسی ترسنۆك و گەندەڵ كران بەنوێنەری كورد و زۆر پۆستیان پێ ڕاسپێردرا ئەم كەسانە لەبری ئەوەی ڕشت بن لەسەر بەستهێنانی مافەكانی كورد لەبەرامبەردا خەریكی خۆ دەوڵەمەندكردنی خۆیان و كەسوكاریانن و لەبەرامبەر دامەزراندنی خەڵك بە پارەو وەرگرتنی زەوی و مساوەمەكردن بۆ سەفەقاتی گەورەی بازرگانی كە ئەمانەی دەیڵێم چەندین بەڵگەی حاشا هەڵنەگرم لایە.
 
هەر لایەنێك داوای بكات ئامەدەم هەمووی بخەمە بەردەستیان، نەك تەنها بەڵگە بەراوردێك لەنێوان سەروەت و سامانی پێش چونیان بۆ بەغداد و ئێستایان بكرێت دەزانرێت ئەو كەسانە چەند خەمخۆری مافی خەڵك و كورد و حزبەكانی خۆیان بوون.

 

بۆیە دەبێت بۆ ئەم جارە كورد و بەتایبەتی پارتی دەستی ئەو خەڵكە بێ مۆڕاڵ و گەندەڵ و بێ كەفائەتانە لە بەغداد ببڕێت

 

بۆیە دەبێت بۆ ئەم جارە كورد و بەتایبەتی پارتی دەستی ئەو خەڵكە بێ مۆڕاڵ و گەندەڵ و بێ كەفائەتانە لە بەغداد ببڕێت و لەبری ئەوان كاندید چ پۆ پەڕلەمان و چ بۆ پۆستە حكومیەكان خەڵكی ڕابردوو پاك و دەست پاك و بە جورئەت بنێرێتە عێراق بۆ ئەوەی ئەم كێشانەی ئێستە دووبارە نەبنەوە لەسەروی هەموشیەوە كادری حزبەكان بێزار بوون لە دەمووچاوی دووبارە.

 

 
خەڵك ناتوانێت بۆ چەند ساڵێك گوێگری قسەی بێ كردار بێت لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لیستە كوردییەكان دەخوازم.
 
بژی كورد بژی كوردستان.