
Plus4
پێش مانگێک
فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ سودانی: بەزووترین كات مووچە بنێرن و چیتر خەڵكی كوردستان برسی مەكەن
فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای بەپەلەیان لەسودانی كردووەو چاوەڕێن وەڵامی سەرۆك وەزیران دەكەن.
لەوبارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد: لەڕۆژی پێنجشەممەوە داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەمان لەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووەو بڕیارە ئەمڕۆ وەڵامبدرێینەوە.
ڕوونیشیكردەوە كە داواكاریی سەرەكیی فراكسیۆنە كوردییەكانی بەغدا ئەوەیە، بەهەر جۆرێك بێت دەبێت بەر لەجەژنی قوربان، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت: بڕیارە نووسراوێك ئاراستەی سودانی بكرێت، لەبەرامبەر ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بەفەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت، چووەتە خانەی برسیكردنەوە، تێیدا داوایان لەسودانی كردووە ئەو پێشێلكارییانە ڕابگرێت و بەزووترین كات بڕیاری ناردنی مووچە بدات و كێشەكان لەبنەڕەتەوە چارەسەربكرێن، تاچیتر مووچە وەك كارتی سیاسی بەكارنەهێنرێت.
ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەش، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردو تیایدا هاتووە، هەرێمی كوردستان لە ١٢.٦٧٪ی پشكی خۆی لەبوودجە وەرگرتووەو هیچ تەرخانێكی دارایی نۆ مووچە نەماوە.