
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش ٢ هەفتە
دووای دوو مانگی لەئاشكراكردنی دۆسییەی هەردوو هێزی ( درع كەركوك و حەرەس نەینەوا )، جارێكیتر قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائب ئەهل حەق تەئكید لەزانیارییەكان دەكاتەوەو دەڵێت: خستوومەتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، لەكەناڵی عەهد بۆ رای گشتی بڵاومكردووەتەوەو ئاراستەی هەموو مەرجەعەكانیشم كردووە بەڵام هیچ كاردانەوەیەك نابینم.
ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو هێزە لەكەركوك و نەینەوا مەترسی گەورەن و سەرەتای دووبارەبونەوەی سیناریۆكەی سوریایە، چونكە ئەو دوو پارێزگایە خەونی گەورەی توركیایە.
ئاشكراشیدەكات، 13 هەزار چەكداری عێراقی لەژێر فەرمانی ئەنقەرەدان، پابەندی بڕیارەكانی توركیان و ئامادەی جێبەجێكردنیشین، 5 هەزار چەكداریان لەنەینەوایە، 8 هەزاریش لەكەركوكە.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی plus4 زیاتر لەراپۆرتێكی لەسەر ئەو هێزانە بڵاوكردووەتەوە، بەوردی زانیارییەكانی خستووەتەڕوو.
بەوتەی خەزعەلی، بەردەوام 4 هەزار چەكدار لەسەربازگە توركییەكەی نەینەوا، سەرقاڵی راهێنانن.
زیاتریش دەخاتەڕوو و دەڵێت: بەشێك لەو چەكدارە عێراقیانەی لەچوارچێوەی هێزە توركیەكەدان و خراونەتە سەر دەستەی حەشدی شەعبی، پێشتر چەكداری د11عش بونە، تەنانەت سەركردەكانیشیان هەمویان پێشتر بەعسى بونە بەپلەی ئەندامی شوعبە و ئەندامی فیرقە و لەدەزگا تایبەتەكانیش كاریان كردووە.
ئەمینداری گشتی عەسائب دەڵێت: فەوجە عەشائیرییەكان بە هەردوو هێزی درع كەركوك و حەرەس نەینەوا-شەوە، هیچ زانیارییەك لەسەر ناو و ژمارە و ئەركەكانیان نازانرێت، بەڵكو لەچوارچێوەی دۆسییەیەكی تایبەت دانراوە، زۆربەیان داواكراون و پێشتر لەگەڵ د11عش بونە بەڵام رێگە نادرێت وردبینی بۆ ناویان بكرێت.