پارتی
plus4
پێش ٢ ڕۆژ

مەکتبەی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی دارایی فیدرال بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر تا پێش جەژنی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت، هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ڕای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و بە سیاسیکردنی قووتی خەڵکە."

ئاماژەی بەوەش داوە "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیار وەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت، هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."