غازی فەیسەڵ
پێش ٢ ساڵ
وتاری قیادەی کورد دوای خوا لێخۆشبوان جەنابی مام جەلال وجەنابی کاک نەوشیروان، ئەم وتارەی ئەمڕۆی جەنابی کاک مەسعود بارزانی داننان بوو بە لاوازی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و خۆدزینەوەبوو لەو کارەساتەی بەسەر کوردستاندا هاتووە لەگەڵ ئەوەشدا داننان بوو بە هەرەس هێنانی کابینەی نۆ !
جەماوەری برسی و تێنوی نان و ئاوو ئازادی چاوەڕوان بوون کاک مەسعود ئەمڕۆ لەبەردەم میوانەکانی و کەناڵەکانی راگەیاندن و بینەرانیان بیگۆتبا ئێمە لە ریفراندۆم شکستێکی گەورەمان هێناو لە ئیدارەو دەوڵەتداریشدا شکستمان هێناوە، بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستانمان کردۆتە گۆڕەپانی جەندرمەکانی تورکیاو ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمیش تەسلیم بەداعش کراوە !
سەروەت و سامانی گرانبەهای وڵاتەکەشمان لەدەستداوە کاتی ئەوە هاتووە دەست لەکار بکێشینەوە با دەستەیەک لە چالاکوان و ڕەخنەگرانی هەرێم بێنە شوێنمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن تا حکومەتێکی خزمەتگوزار و نیشتیمان پەروەر درووست بکەن و چیتر پارچە پاڕچە خاکەکەمان لەکیس نەچێت ئەگەر جورئەتی ئەو ڕێگەچارەشی نەدەکرد هەق بوو لەو کۆبونەوەیە چەندین وەفدی کارای پێک بهێنابایە کەخۆی سەرۆکی وەفدی دانوستان بایە لەگەڵ بەغدا و وەفدەکانی تریش سەردانی ئێران و تورکیاو وڵاتانیان بکردبایە بۆ بەخۆداچونەوە لەسیاسەتی چەوتی هەردوو کابینەی هەشت و نۆو ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەی دەستور، بەڵام داخی گرانم لەجیاتی باس کردن و پلان دانان بۆ چارەسەری ئەم هەموو کێشەیەی تووشی گەلی کوردیان کردووە، سوڕن لەسەر گوێ نەگرتن و لەسەر ئەم ئاوازە سیاسیەی ماڵی هەمووانی تێدا وێران دەبێت.
لەکۆتايیدا خوێنەرانی ئەم بابەتە دڵنیا دەکەمەوە ئەم ئازادیە بەرهەمی سەدەیەک خەبات بوو بەخوێنی شەهیدان و جەماوەری کوردستان بەرهەم هات و بەو عینادی و تاک ڕەویە سیاسی و ئیداریەش خۆرمان لەئاوابوندایە.