
Plus4
پێش هەفتەیەک
لەپێنجەمین كۆنگرەی بەغدای نێودەوڵەتی بۆ ئاو، لەژێر ناونیشانی ئاو و تەكنەلۆژیا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، دەستپێشخەرییەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ڕووباری دیجلەو فوراتی ڕاگەیاند، بەتایبەت ڕووی قسەکانی ئاراستەی تورکیاو ئێران کرد.
سودانی لەمیانی وتارێکیدا باسی لەكێشەكانی ئاو كرد لەعێراق و وتی: كێشەی سەرەكیی كەمیی ئاو بۆ سنوورداری كاری هاوبەش لەهەردوو ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی دەگەڕێتەوه.
جەختیکردەوە کە پرسی ئاو تەنها پرسێكی خزمەتگوزاری نییە تا لەسەرئاستی سیاسیدا بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵكو پرسێكی سەرەكییە كە هەموو لایەنەكانی ژیان لەخۆی دەگرێت و پێویستە لێپرسراوان هەوڵی پاراستنی ئەو سامانە هەستیارە بدەن.
بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاوکاری و هەماهەنگی لەوڵاتانی دراوسێی عێراق کرد تا کێشەی کەم ئاویی وڵاتەکە چارەسەرێکی بنبڕی بۆ بکرێت.
محەمەد ئەمین فارس؛ ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عیراق، بەناوی سەرۆك كۆمارەوە وتارێكی پێشكەشكردو تێیدا ئاماژەی بەوەدا، قەیرانی ئاو لەعێراق تەنیا دۆسیەیەكی تاك ڕەهەند نییە، بەڵكو مەسەلەیەكی گشتگیری نیشتمانییەو پێویستی بەهەماهەنگیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە بۆ چارەسەرکردنی.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە کە پێگەی عێراق وەك وڵاتێكی خوارووی ئاو لەحەوزی دیجلەو فورات ئاڵنگاریی گەورە دروستدەكات بەهۆی پشت بەستنی بەئاوی دەرەوەی سنوورەكانی، بەتایبەتی لەتوركیاو ئێرانەوە.
گەیشتن بەڕێككەوتنێکی دادپەروەرانەش لەگەڵ توركیا لەسەر پشكی ئاوی عێراق پێویستییەکی گرنگ هەنووکەییە.