سجن
Plus4
پێش مانگێک

وەزارەتی دادی عێراق، ئازادکردنی 3441 زیندانی لەفەرمانگە جیاجیاکانی چاکسازیی ڕاگەیاند.

 

ئازادکردنی ئەو ژمارە زۆرەی زیندانی، لەوەتەی دەرچوونی یاسای لێبووردنی گشتی تادوێنێ 19ی ئایار جێبەجێکراوە.

 

لەوباریەوە ماجد مەنزور؛ بەڕێوبەری گشتیی چاکسازیی عێراق ڕایگەیاند: ئازادکردنەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە دادوەرییەکان و بەپێی ڕێوشوێنی تووندی یاسایی ئەنجامدراوە کە وایکردووە لێبووردنەکە تەواو شەفافیەت و دادپەروەرانە بێت.

 

ناوبراو جەختی لەبەردەوامیی کارکردن لەدۆسیەی زیندانیان کردەوەو بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی زیندانیان تاچەند شایستە بەزیندانیکردنن.

 

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەڕۆژی 21ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ یاسای لێبوردنی گشتی پەسەندکرد، وەک بەشێک لەپاکێجی یاسایەک کە هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی و گەڕاندنەوەی زەوی و زاریش لەخۆدەگرێت.

 

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دادی عێراق، لەئێستادا 30 بەندیخانە هەن کە زیاتر لە 67 هەزار زیندانیکراویان تێدایەو نزیکەی 1600 زیندانیکراویان بیانین.