
plus4
پێش ٢ کاتژمێر
مۆنۆدرامای (نووکتەچی) لەحەوتەمین فێستیڤاڵی مۆنۆدرامای قەرتاج لەشاری ئەتاوینی وڵاتی تونس، خەڵاتی ئاڵتوونیی باشترین نمایشی بەدەستهێنا.
لەوبارەیەوە (مەریوان زەنگەنە)؛ دەرهێنەرو کارەکتەری مۆنۆدرامای (نووکتەچی) بەتایبەت بە plus4ی ڕاگەیاند: فێستیڤاڵی قەرتاج، بە بەشداریی 13 بەرهەمی وڵاتان ئەنجامدرا، تیایدا مۆنۆدرامای (نووکتەچی) خەڵاتی ئاڵتوونیی پێبەخشرا وەک باشترین نمایش لەڕووی تێکست و دەرهێنان و نوواندن و سینۆگرافیاوە.
وتیشی: ئەمە جاری یەکەم نییە تیپەکانی کەرکوک لەفێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بەخەڵاتی گەورەوە دەگەڕێنەوە شارەکەیان، پێشتریش تیپ و شانۆکارانی کەرکوک لەهەمان فێستیڤاڵ و چەندین فێستیڤاڵی تردا بەخەڵاتی باشترینەوە شانۆی کەرکوکیان پتر بەجیهانی دەرەوە ناساند.
ئاشکراشیکرد: خۆی وەک دەرهێنەرو کارەکتەری مۆنۆدراماکە ڕۆڵی هەبووە، هەریەک لەهونەرمەندان (سیروان عومەر) کاری میوزیک و (قاسم غەمگین) و (هەوراز فوئاد) کاری تەکنیککاریی مۆنۆدراماکەیان بەڕێوەبردووە.
هەر لەفێستیڤاڵەکەدا، هونەرمەند سیروان عومەر؛ لەپای پێشکەشکردنی وۆرک شۆپێک سەبارەت سەبارەت بە (میوزیک وەک تووخمی سەرەکی لەهونەری مۆنۆدراما)و تۆمارکردنی مارشی تایبەت بەفێستیڤاڵەکە قەڵغانی تایبەتی فێستیڤاڵی پێشکەشکرا.
هاوکات قەڵغانی ڕێزلێنانی لقی کەرکوکی سەندیکای هونەرمەندانی عێراق لەلایەن قاسم غەمگین؛ سەرۆکی لقەکەوە پێشکەش بەهونەرمەند ئەکرەم عەزوز ؛ سەرۆکی فێستیڤاڵەکە کرا.