احمد
ئەحمەد رەفیق
پێش ٢ ساڵ

چەند رۆژێک دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە لە 10ی ئۆکتۆبەری2021دا بەڕێوەچوو ئاماژەم بەوەدا؛ کە سەدڕ ناتوانێت بەبێ هاوپەیمانەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، حکومەت پێکبهێنێت، ئەوەشم وت؛ گەر حکومەتیش پێکبهێنێ سێ بۆ شەش مانگ دەخایەنێت و دواتر دەڕوخێنرێت!

 

ئەم بیرکردنەوەیەی بەندە لە هاوکێشەیەکی زۆر سادەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەوەیش ئەویە؛ گەر هاتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێتیی لە پارتی بردەوە، ئایا؛ پارتی رێگە بە یەکێتیی دەدات بەبێ پارتی لەگەڵ حزبەکانی دیکە حکومەت پێکبهێنێ و ئەو لە پڕۆسەکە بکاتە دەرەوە؟!

 

بێگومان هەرگیز رێگە نادات! لەم هاوکێشە سادەیەوە لە پڕۆسەی سیاسی عیراق بڕوانیت تێدەگەی داهاتووی عیراق بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.

 

داهاتووی بەردەم پڕۆسەی سیاسی عیراق، خۆی لە بەردەم چەند سیناریۆ و گریمانەیەکدا دەبینێتەوە، یەکێک لەوانە؛ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن "چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە کورد"ییەکان و خستنە دەرەوەی سەدڕ و بەشێک لە سوننەکان. لەم حاڵەتەشدا هەرگیز سەدڕ رێگە بەوە نادات کە خۆی بە براوەی هەڵبژاردن دەزانێت، بهێڵێت چەند کەس و لایەنێک کێکی سەرکەوتنی ئەو بخۆن..

 

بۆیە نەک هەر شەقامەکانی بەغدا، بەڵکو تەواوی جومگە و دەزگا هەستیارەکانی عیراق بە لایەنگر و شوێنکەوتووانی دەتەنێتەوە، بەوەش حکومەتی تازە و پڕۆسەی سیاسی رووبەڕووی گیروگرفتی جددیی دەبکاتەوە، و حکومەت ناپەرژێتە سەر ئەوەی خواست و داواکارییەکانی هاوڵاتییان جێبەجێ بکات، لە بنەڕەتیشدا سەدڕیش هەر ئەوەی دەوێت!

 

گریمانەی سیناریۆی دووەم؛ شەڕی ناوخۆیی ناوماڵی "شیعە-شیعە" هەرچەندە بەهۆی دەخالەتکردنی ئێرانەوە ئەم گریمانەیە لاوازە، بەڵام لە ئێستادا تەنها پزیسکێکی بەسە بۆ ئەوەی روو بدات! لەو حاڵەتەشدا گریمانەی دیکە بە رووی داهاتووی عیراقدا دەکرێنەوە، یەکێک لەوانە؛ دابەش بوونی عیڕاق بۆ سێ هەرێمی کۆنفیدڕاڵی "کوردیی، سوننی، شیعی".

 

گریمانەی سێیەمیش؛ دەستوەردانی سەربازیی هەرێمایەتییە بۆ سەر سەروەری عیراق، و قۆستنەوەی ئەو بارودۆخەیە کە رووبەڕووی عیراق دەبێتەوە..! لەم حاڵەتەشدا بە تەواوی عیراق دەچێتە دۆخی شەڕی ناوخۆیی و هەرێماتیی، و ئەوکاتیش هەم ئێران و هەم ئەمریکایش بە ئاشکرا دەخالەت لە کاروباری عیراقدا دەکەن، و رەنگە سیناریۆی 2003 دووبارە ببێتەوە "بەڵام بە ئامادەییەکی زۆری "تورکیا و ئێران" و دەخالەتکردنیان لە کاروباری عیراق. لەم نێوەندەشدا زەرەرمەندی سەرەکی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە زۆربەی دەستوەردانە هەرێمایەتییەکان لە رووی سەربازییەوە لەسەر جیۆگرافیای هەردوو زۆنی زەرد و سەوز دەبێت!