
plus4
پێش 10 کاتژمێر
لەڕوونکردنەوەیەکدا وەزارەتى دارایى عێراق وەڵامی کۆمەڵێک بەرپرس و پەرلەمانتار دەداتەوەو ڕایدەگەیەنێت: هەندێک میدیاو تۆڕی کۆمەڵایەتی، لەزاری ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە دەربارەى ڕاکێشانى ڕەسیدى بانکەکانى ڕافیدەین و ڕەشید هەواڵیان بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، دڵنیایی دەدات کە ئەو پارەیەى ڕاکێشراوە، پارەى دانراوى هاووڵاتیان و ڕەسیدى بانکەکان نییە، بەڵکو ئەژمارى سەروەرى (الحسابات السيادية)ى وەزارەتى داراییەو پێشتر لەو بانکانە هەڵگیراون.
ئەوەش وەک هەنگاوێکى کاتى و پاش کۆتاییهاتن پێویستییەکان و بەپێى ڕێنماییە دارایى و کارگێڕییەکان، گەڕێندراونەتەوە بۆ تەرخانکردنى لەچوارچێوەى بوودجەى گشتی.
لەڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: هەردوو بانکى ڕەشیدو ڕافیدەین، یەدەگى نەختینەى زۆریان هەیە کە زۆر زیاترە لەبڕى پێویست لەلایەن بانکى ناوەندییەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە هەردوو بانکی ناوبراو، ئەرکەکانى خۆیان لەخەرجکردنى مووچەو تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ پرۆژەکان و جێبەجێکردنى پابەندییەکان لەگەڵ مامەڵەکاران بەشێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجامدەدەن.
ڕوونیشیدەکاتەوە کە دۆخەکە بەو جۆرە نییە وا هەندێک پەرلەمانتارو بەرپرس باسیان لێوە کردووەو هیچ مەترسییەک لەئارادا نییەو کورتهێنان بوونی نییە، چوونکە تەنها یەدەگى بانکى ڕافیدەین لەبانکى ناوەندى لەئێستادا دەگاتە نزیکەى 9 تریلیۆن دینار.