
Plus4
پێش 3 کاتژمێر
کەمێک بەر لەئێستا، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: لەچەند پەیج و میدیایەك هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە ئاماژەیان بەوەكردووە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەكی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەبووە كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لەڕاستییەوە.
بەپێی ڕوونكردنەوەکە کە لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكانی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوەیەو تێیدا هاتووە:
لەچەند پەیج و میدیایەك هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە ئاماژەیان بەوەكردووە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەكی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەبووە.
یەكێك لەتێبینییەكان لەسەر مووچەی بانكە حكومییەكان بووە بۆ مانگی نیسان كە گوایە داوای دوو مووچە بۆ بانكەكان كراوە و لەناو لیستەكاندا ناوی دوو بانك لە بیركراوە و دواتر چارەسەركراوە.
هەر بەپێی ڕوونكردنەوەكە دەڵێت: بەپێویستمان زانی بۆ هەموو لایەكی ڕوون بكەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو تەنها داوای یەك مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانكەكان كراوە و هیچ گۆڕانكارییەك لە لیستی مووچەكانیان نەكراوە.
دەشڵێت: هەرچەندە داواكردنی دوو مووچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانكەكان بۆ مانگەكانی نیسان و ئاب و كانوونی یەكەم ئاساییەو ساڵانە هەر فەرمانبەرێكی بانك لە عێراق و هەرێمی كوردستان پانزە مووچە وەردەگرن كە سێ مووچەیان زیادەیە.