کۆمیسیۆن
Plus4
پێش ٢ مانگ

به‌پێی دوا بڕیاری كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وادەى تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق چەند ڕۆژێکى کەمی ماوەو بەسەردەچێت.

 

لەوبارەیەوە حەسەن هادى زایر؛ ئەندامی دەستەى ڕاگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند: وادەى تۆمارکردنى ناوى پارت و هاوپەیمانى و لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنەکەی 11/11ی ئەمساڵ، لەڕۆژی 15ى ئەم مانگەوە دەستىپێکردووەو ڕۆژی 4ى مانگی داهاتوو کۆتایی دێت.

 

ڕوونیشیکردەوە: ئەو لایەنانەی پێشتر ناوەکانیان تۆمارکراون، پێویستە نوێنەرەکانیان سەردانى کۆمیسیۆن بکەن، تا دڵنیابن لەوەی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن یاخوود نا.

 

بەپێی وتەی کۆمیسیۆنەکە، تائێستا ناوی شەست هاوپەیمانى تۆمارکراون کە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، هیچ هاوپەیمانییەکى نوێ تۆمارنەکراوە.

 

سەبارەت بە نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەرانیش وتى: ڕۆژانى هەینى و شەممەو ڕۆژانی تری پشووی فەرمیش، دەرگاى بنکەکانى نوێکردنەوە کراوەن و ژمارەیان 1079 بنکەیە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و لەڕۆژی 24ى مانگی ڕابردووشەوە دەستیان بەکارەکانیان کردووەو لەکاتژمێر 8ى بەیانییەوە تا 5ى ئێوارە لەپێشوازیی هاووڵاتیاندان.