
شەهاب ئەحمەد
پێش 3 هەفتە
ئەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتیی دەیەوێت ئەنجامی بدات ئەوەیە کە حزبەکەی لەگەڵ قۆناغەکە بگونجێنێت و سیاسەتی نوێ و ستراتیژی دوور مەودا داڕێژێتەوە، ئەوەش کارێکی مەحاڵ نییە، ئەزمونی ئاسۆ مامەندیش باشترین بەڵگەیە.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوو کاتێک خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی مردنی یەکێتیی بون لە کەرکوک، یەکێتیی چاکبوەوەو دۆخیشی باشترە لەرابردوو.
پیاوێک رەنگە لە تەمەن گەورەبێت و روداوەکانی چەند ساڵی رابردوویش ئەوەندەی تر شەکەت و بێ تاقەتیان کردبێت بەڵام عەقڵ و بیرکردنەوەی سەردەمیانەو جیاوازە.
کاتێک بینی حزبەکەی لەکەرکوک جەستەی هەنجن هەنجن کراوەو لەسەرەمەرگدا بەجێهێڵدراوە، لێنەگەڕا بمرێت و بەدیارییەوە فرمێسکی تیمساحی بڕێژێت.
دەستی بەتیمارکردنی کرد بەڵام چۆن تیمارێک، نەیهێشت کادیرو ئەندامانی حزب و تێکۆشەرو پێشمەرگە دێرینەکان زویربن و هەمویانی لەدەوری خۆی کۆکردەوەو ناونیشان و پۆستی پێدان، بەڵام خۆی جڵەوی بڕیاردانی گرتە دەست و ئەرکاکانیشی بەخەڵکی تر دەسپارد کە گەنجن و لەواقیعی ئێستا تێدەگەن و ماندووش نابن.
دەڕۆیشتە کۆمیتەو مەڵبەندەکان، بەڵام گوێڕایەڵی گەنج دەبوو، پاڵپشتی ئەو کەسانەی دەکرد کە حزبی نین و پڕۆژەیان هەیە، کادیری حزبی کاندید دەکرد بەڵام بڕوای زیاتری بە فیگەرەکان هەبوو کە لەدەرەوەی حزبەوە هاتوون، بەسەدان و هەزاران کەس لەدەوری کۆبونەتەوەو هاوکاری وموچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی پرسیاری حزبی بون و پلەی حزبیان لێ بکرێت.
ئەو بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەچێتە کافتریاو چایخانەکان، بۆ هەواڵ پرسین لەدۆخی خەڵکیش دەچێتە بازاڕەکان.
ئاخر کێ دەتوانێت لەشارێکی وەک کەرکوک کە ئەو هەموو کادرو تێکۆشەرو خەباتگێڕە دێرینەی تێدایە، پشت بە رۆڵی خەڵکێک گەنج و ناحزبی ببەستێت و نەشهێڵێت کادیرەکانیشی دڵیان بڕەنجێت.
ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە ئاسۆ مامەند پەیڕەوی کردووەو سەرکەوتوو بوە، شاخ و شار، پیرو گەنج، حزبی و ناحزبی بەیەک گەیاندووە، ئەزمون لەیەکەم وەردەگرێت و بەعەقڵ و دەستی دووەمیان جێبەجێی دەکات.
ئەمە مانای ئەوەنییە لەکەرکوک هەڵە نییە یا کەمتەرخەمی نەکراوە، بەڵێ هەڵەو کەمتەرخەمییەکان زۆر زۆرن و پێویستیان بەپێداچونەوەو چارەسەرکردن هەیە.
من دڵنیام ئەگەر تەمەن و حەسادەت وئیرەیی بهێڵن، ئەو میرخاسە خزمەتی گەورەو باشتری یەکێتیی لەکەرکوک دەکات.