موجة
Plus4
پێش 15 کاتژمێر

ئەمڕۆ ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم) ڕایگەیاند: ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەغدا بڕی 950 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی چوار دەنێرێت بۆ هەرێم.

 

لەوبارەیەوە ڕێباز حەملان؛ بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند: لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرو مووچەخۆرانی هەرێم هەمان لیستەکەی مانگی ئازارەو تەنها ژمارەی خانەنشینان زیادیکردووە، چاوەڕێین وردبینی لە لیستەکە تەواوبکرێت و بەزووترین کات مووچە دابەشبکرێت.

 

ئاشکراشیکرد: وەفدی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە بەغدایەو ئەندامانی وەفدەکە ڕۆژانە سەردانی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن و لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا سەرجەم داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێکراون و تائێستا هیچ گرفتێک نییە.

 

سەرچاوەیەکیش لەوەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند: وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستیپێکردووە، تاهەفتەی داهاتوو پارەکە دەنێردرێت.

 

وتیشی: لیستەکە هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، ئەو وەفدەی لیستەکەیان بردووە بۆ بەغدا، ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە هەرێم و ڕۆژی یەکشەممە دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا تادوای ناردنی پارەکە نەنێردرێت ناگەڕێنەوە.

 

سەرچاوەکە وتیشی: ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، ناردن و دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتوو.