plus4
پێش 10 مانگ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، چەندین ڕێنمایی نوێی سەبارەت بەو ماتۆڕسکیلانە دەرکرد کە هێشتا تۆمارنەکراون.
بۆ ئەو مەبەستە ماوەی سێ مانگ مۆڵەتی پێداون تا لەو ماوەیەدا ماتۆڕسکیلەکانیان تۆماربکەن و وەک هاوکارییەک دەستیان بەسەردا ناگیرێت.
لەوبارەیەوە لەنووسراوێکی فەرمیدا عودەی سەمیر؛ بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق ڕایگەیاند: پابەندبوون بەیاساو ڕێساکانی هاتووچۆو لێنەخوڕین بەئاراستەی هەڵەو بەکارنەهێنانی لای چەپی ڕێگەکان واتا ڕێگەی خێراو هەڵنەگرتنی زیاتر لەکەسێک وەک سەرنشین و بەستنی کڵاوی سەلامەتی، مەرج و رێنمایی سەرەکیمانن بۆ شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئەو ماتۆڕسکیلانەی بەشێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە نێو عێراق و لەخاڵی گومرگی تۆمارکراون، دوای ئەوەی ئەو مەرجانەی لەیاسای هاتووچۆدا هاتوون، پێش دەرکردنی بڕیاری ژمارە (23484)ی ئەنجومەنی وەزیران لە 2023، کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل لەخۆدەگرێت، تۆماردەکرێن.
ئەو ماتۆڕسکیلانەش کە تۆمارنەکراون و کاغەزی تۆماریان نییە، بۆیان نییە لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان یان لەنێو سەنتەری شاردا لێبخووڕن، بەپێچەوانەوە گەر لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە بەدی بکرێن، ئەوا ڕاستەوخۆ دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
نووسراوەکە، چەندین مەرج و ڕێنمایی تێدا هاتووە کە بریتین لە:
1- هیچ ماتۆڕسکیلێک ڕێگەی پێنادرێت زیاد لەسەرنشینێکی لەسەر بێت.
2- پێویستە شۆفێر کڵاوی سەلامەتی لەسەر بکات.
3- تەنها لای ڕاستی ڕێگەکان، شوێنی لێخوڕینی ماتۆڕسکیلەکانە.
4- هاتووچۆی ماتۆڕسکیل لەکاتژمێر 1ی بەرەبەیان تا 5ی بەیانی قەدەغەیە.
5- هیچ شۆفێرێک بێ بوونی مۆڵەت، مافی لێخوڕینی ماتۆڕسکیلی نییە.





