
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 3 مانگ
ئەمڕۆ وەزارەتى دارایى عێراق ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم و وەک وەڵامێکیش بۆ ڕێباز حەملان بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: بەوپەڕى پیشەییەوە مامەڵەمان لەگەڵ پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم کردووەو پەیوەندیمان بەدواکەوتنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمەوە نییە.
وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامى لێدوانەکانى رێباز حەملان دەداتەوەو دەڵێت: سەر لەبەری قسەکانی ناڕاستن.
دەشڵێت: زیاتر لەساڵێکە دەمانەوێت بڕیارى دادگاى فیدراڵى لەبارەى تەوتینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم جێبەجێ بکەین، بەڵام تائێستا هەرێم هیچ داتایەکى لەبارەى تەوتینکردنى مووچەوە پێشکەش نەکردووین.
جەختیشدەکاتەوە کە هۆکارى دواکەوتنى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم ئەوەیە کە تائێستا هەرێم ناوى ئەو فەرمانبەرانەى لە لیستى مووچە جیا نەکردووەتەوە کە خانەنشین دەبن.
ئاشکراشیدەکات کە بۆ چارەسەرکردنى ئەو بابەتە، وەزارەتی ناوبراو تیمێکى لەفەرمانبەرانى بەشى بوودجەو ژمێریای ڕەوانەی هەرێم کردو 10 رۆژ زیاترە لەگەڵ وەزارەتى دارایى هەرێم کار لەسەر جیاکردنەوەى ناوى ئەو کەسانە دەکەن.
ڕوونیشیدەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم لە .داهاتی خۆی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەی خەرجکردووە، مووچەی پێشمەرگە دەبێت لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوه دابین بکرێت، چوونکە پێشمەرگە هێزێکی زەمینیی عێراقییە.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: پێویستە هەرێم مانگانە کۆپییەکمان لە لیستی ناوی ئەو کەسانە بۆ بنێرێت کە دوو مووچە یاخوود زیاتریان هەیە، سەردەمی ئەوەش نییە بۆ وەرگرتنی مووچە لەکاتی خۆیدا. پشت بە لیستی کاغەز ببەستیت.
جەختیشدەکاتەوە کە تائێستا تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو ئامادە نەکراوە، بەهۆی بوونی ئەو هەڵانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە کراون، بۆیە مەرجی ناردنی مووچەی هەر مانگێک، تەواوکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێش خۆیەتی.
ئاشکراشیدەکات کە وەزارەتی دارایی هەرێم، هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.