
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 3 مانگ
بەهەوڵی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لیژنەیەك بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی تەملیككردنی خانوە تەجاوزەكانی كەركوك پێكهێنرا.
دوای ئەوەی بەنگین رێكانی وەزیری شارەوانییەكانی عێراق، كەركوكی لەبڕیاری تاپۆكردنی خانوە تەجاوزەكان بێ بەشكرد بەڵام خالید شوانی وەزیری داد رێگەی نەدا بڕیارەكە تێپەڕێندرێت تاوەكو مادەیەكی تر تایبەت بەكەركوك پەسەندكرا.
بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیران، پەسەندكردنی بڕیاری ژمارە 30ی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر راسپاردەی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق بوە، بەپێی بڕیارەكەش "لیژنەیەك لەوەزارەتی (شارەوانییەكان و پلاندانان و پارێزگەی كەركوك و دەستەی هەماهەنگی نێوان پارێزگەكان) بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی تاپۆكردنی خانوە تەجاوەزەكان پێكدەهێنرێت."
لەبڕیارەكەشدا ماوەی 90 رۆژ بۆ تەواوكردنی كاری لیژنەكە دیاریكراوە و پێویستە لەو ماوەیەدا راسپاردەكانیان بەراپۆرتێك بخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەبارەی بەتاپۆكردنی خانوە تەجاوزەكانی كەركوك.
هەفتەی رابردوو دوای ئەوەی بەنگین رێكانی وەزیری شارەوانییەكانی عێراق، پڕۆژە بڕیاری تەملیككردنی خانوە تەجاوزەكانی لەئەنجومەنی وەزیران خوێندەوە، كەركوكی لەبڕیارەكە بێبەشكرد، بەڵام خالید شوانی لەدانیشتنەكە لەسەر ئەو خاڵە دێتە دەنگ و رێگا بەتێپەڕاندنی نادات تاوەكو ماددەیەكی تر پەسەند دەكرێت بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بەمەستی ئامادەكردنی راپۆرتێك و پێشكەشكردنی بەئەنجومەنی وەزیران، تا ئەو كاتەش پڕۆسەكە راگیرا.
