ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش ٢ ڕۆژ
لەڕۆژئاواوە، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکی باکوورو رۆژهەڵاتی سوریا، داوایەکی بەپەلەو گرنگ ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەدەوروبەری بەنداوی تشرین.
ئیدارەکە دەڵێت: بەنداوی تشرین، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری منبج، بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە ئەگەری ڕووخاندنی بەنداوەکە بووە.
ڕوونیشیدەکاتەوە: ئەو گرووپانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات، بەردەوامن لەهێرشکردنە سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ناوچەکانی نزیک لەبەنداوەکەیان کردووەتە ئامانج.
دەشڵێت: تورکیا ئامانجی ناسەقامگیریی ناوچەکەیەو دەیەوێت بەشێکی زیاتری خاکی سوریا داگیربکات.
ئیدارەی خۆسەر؛ هۆشداریشدەدات لەوەی ئەگەری داڕووخانی بەنداوی تشرین دووبارە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر ژیانی سەدان هاووڵاتیی مەدەنی ناوچەکە دروستدەکات و کارەساتێکی مرۆیی ڕوودەدات.
جەختدەکاتەوە لەوەی ڕووخانی بەنداوەکە تەنها کاریگەری لەسەر دانیشتووان نابێت، بەڵکو کاریگەریی زۆرو وێرانکەری لەسەر تەواوی ناوچەکەو ژێرخانی خزمەتگوزاری و موڵکی گشتی و تایبەتیش دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەئێستادا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ناوچەکەو بەشێکی کوردانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای سوریا، بۆ پاراستنی بەنداوەکە چەکیان دژی گرووپەکانی نزیک لەتورکیا هەڵگرتووە.