ياوز
plus4
پێش 21 کاتژمێر

یاوز حەمید؛ جێگری پارێزگاری كەركوك لەپشكی توركمان لەبارەی ڕووداوی نێو پرسەكەی قاسم قەزەنچی ئاشکرایکرد: كۆمەڵێك كەسی هاندراو چەكیان لێمان ڕاكێشاو خەریكبوو بمانكوژن.

 

جێگری پارێزگار لەڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كۆمەڵێك كەسی بەكرێگیراو و پڕكراو لەڕق و ڕوبەڕوبوونەوەی یاسا، دەیانویست ڕێگریم لێبكەن لەپرسەی قاسم قەزەنچی لەوەی بەشدار نەبم لەپرسەكەداو ڕێگەیان لێگرتم و دروشمی نەشیاو و دوور لەدابونەریت و ئەخلاقیان بەڕوومدا دەووتەوە.

 

وتیشی: هەڕەشەیان لەخۆم و خێزانەكەم دەكردو بەخیانەتکار تۆمەتباریان دەكردم، لەكاتێكدا هەمووان باش دەزانن كێ خیانەتكارەو گەل و پێكهاتەكەی بەم دۆخەی ئێستا گەیاندووەو خەڵك بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی كەركوك هاندەدات، ئەوان بیریان چووەتەوە كێ هۆكاری لەدەستدانی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پێشوو بوو.

 

یاوز حەمید دەڵێت: ئەو كەسانە چەكیان لێ ڕاكێشام و تەقەیان كرد، دەیانویست بمانكوژن كە گەر بەر ئێمەش نەكەوتایە ئەوە خەڵكی بێ تاوان دەبوونە قوربانی، شەڕ ڕوویداو گەیشتە ئەوەی هێزی پۆلیس بگەنە شوێنەكەو هەموو ئەو كەسانەی لەدەستدرێژییەكەدا بەشداربوون، لەدەرگای پشتەوە هەڵاتن.

 

بە وتەی جێگری پارێزگار، دەستدرێژیكردنە سەر ئەو، دەستدرێژییە بۆ سەر كەرامەت و سەروەریی دەوڵەت و ئاڵنگارییەكی ترسناكە.