plus4
berî 1 salê
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ١٣/١/٢٠٢٥ تاوانبارێک بە ناوی (س. م.ع)، کە بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی سزاى له سێداره دانى بۆ دەرچوو بوو، لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندینخانە لە نزیک دادگای کەرکوک لە لایەن گروپێکی چەکداری سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراقى لە ژێردەستی پۆلیس دەرهێنراو بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندرا.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە سایتی پڵەس فۆڕی ڕاگەیاند : لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس ڕێوشوێنی توندیان بۆ دۆزینەوەی ئەوتاوانباره هەڵهاتووە گرتۆتەبەر.
وتیشی : تاوانباری ڕفێندراو لە ڕێکەوتی ٣/١/٢٠١٩ لەگەڵ تۆمەتبارێک بە ناوی (م.م.ح)، هەر یەکە لە کۆمپانیای بونیادوو ڕێکخراوی زوهرت العیراقیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە، هاوڵاتییەک بە ناوی (دابان عبدالله فاتح) گیانی لە دەستداو هاوبەشەکەی بە ناوی ،( کارمند عبدالكريم فاتح ) بریندار بوو.
سەرچاوەکەی پۆلیس کە پلەی ئەفسەرە لەو بەڕێوەبەرایەتییە وتیشی: بە پێی هەندێک زانیاری سەرەتایی دەرکەوتووە، لە ڕێکەوتی ١٠/١٢/٢٠١٨ هەردوو هاوڵاتی (دابان عبدالله فاتح و کارمند عبدالكريم فاتح) لەلایەن گرپە توندڕەوەکانەوە بەهۆی کارکردنیان لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕەتکردنەوەی یاسای بەشوودانی پێش وەختە بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندرا بوون و وێڕای ئەشکەنجەی زۆر کاری نەشیاوو و دەستدرێژی سێكسى دوور لە داب و نەریتی مرۆڤانەیان بەرامبەر ئەنجام درابوو.





