ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش ڕۆژێک
یاوز حەمید، جێگری یەكەمی پارێزگاری كەركوك لەپشكی توركمان، لەئێستادا گەیشتووەتە بنكەی پۆلیسی قۆریە، بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا، لەدژی ئەو كەسانەی لەنێو پرسەكەی (قاسم قەزەنچی) ڕێگرییان لێكردووەو لەسۆشیال میدیاشدا بەخیانەتكار ناوزەندیان كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یاوز حەمید، جێگری پارێزگاری كەركوك، بەمەبەستی بەشداریكردن لەپرسەی (قاسم قەزەنچی) بەرپرسی پێشووی لقی كەركوكی جەبهەی توركمانی، چووەتە مزگەوتی (كەركوك كەبیر) لەگەڕەكی ڕێگەی بەغدای شاری كەركوك، بەو هۆیەوە گژی و ئاڵۆزی دروستبووەو تەقەكردنیش ڕوویداوە.
هێزێكی زۆری پۆلیسی ئامادەو فریاكەوتن و تەكتیكی، لەشوێنی ڕووداوە بڵاوبوونەتەوەو بەشێكیشیان یاوەریی جێگری پارێزگار دەكەن و دەیپارێزن، بەو پێیەی ناوبراو بانگەشەی ئەوەی كردووە كە هەڕەشەی لەسەرە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، دوای دەستبەكاربوونی یاوز حەمید وەك جێگری پارێزگاری كەركوك كە بە كوتلەی ئەرشەد ساڵحی دادەنرێت، مەكتەبی تەنفیزیی جەبهەی توركمانی، بەسەرۆكایەتیی حەسەن تۆران بڕیاریدا بەدوورخستنەوەی ناوبراو لەڕیزەكانی و بەخیانەتكار ناوزەند كرا.