سةدر
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 3 مانگ

موقتەدا سەدر؛ سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لەیادی 104 ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراقدا، داوایکرد چەك لەدەستی سوپای عێراق و هێزە فەرمییەكانی دەوڵەتدا بێت و وتی: نەخێرو هەزار جار نەخێر بۆ بوونی چەكی بێ مۆڵەت و بێ ئیدارە بوونی چەک لەدەستی گروپە لەدەست دەرچووەكان.

 

سەدر، لەپەیامێكدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی X ڕایگەیاند: پیرۆزبایی دڵسۆزانە لەتەواوی ئەندامانی سوپای عێراق بەتەواوی یەكەكانیەوە دەكەین،  بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سوپا.

 

وتیشی: لەخودای مەزن داواكارین لەخراپەکاری و کابووسی گەندەڵی و وابەستەیی دووریانبخاتەوە، تا ئازادبن لەخۆشویستنی نیشتمان، چوونکە خۆشەویستیی نیشتمان بەشێکە لە ئیمان و شایەنی قوربانیدان و دڵسۆزییە.

 

جەختیکردەوە کە جارێكیتر پێداگری لەسەر پێویستیی كۆكردنەوەی چەك لەدەستی سوپای عێراق و هێزە فەرمییەكانی دەوڵەت دەكەینەوە، نەخێرو هەزار جار نەخێر بۆ بوونی چەك لەدەستی گرووپە لەدەست دەرچووەكان.