کۆبونەوە
plus4
پێش 5 ڕۆژ

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین رووداو و پێشهاتەکانی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە عیراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە.

کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. داواشی لە سەرۆکوەزیران کرد وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان و رێگری لە بەسیاسیکردنی ئەم پرسە نیشتمانییە بکرێت.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی خزمەتگوزار و دادپەروەر جەختیلێکرایەوە و لەو رووەشەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پرسی حکومەتی نوێ روونە و دەمانەوێت یەکسانی و دادپەروەری بنەمای حکومەتی داهاتووبێت، دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات، ئامانجەکەی بەهێزترکردنی کوردستان بێت و توانای چارەسەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵکی هەبێت.