نێرگز قادر
پێش ٢ ساڵ
رۆژی جیهانیی ژنان لەتەواوی ژنان پیرۆز بیت، ئومێدمە ئەم ڕۆژە ڕۆژی هێنانەدیی خەونەكانتان بێت و ببێتە مایەی ئاشتیی كۆمەڵایەتی.
دەمەوێت لەڕۆژی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژناندا كە ژنان مافەكانی خۆیان تێدا بەدیهێناوە، لەم ڕۆژەوە تائێستا ژنانی جیهان ئاهەنگی سەركەوتن و گەیشتن بەمافەكانیان دەگێڕن.
چالاكیی هەڵە ئەنجامدەدرێت
لەبارەی ئەم ڕۆژەوە زۆر جار چالاكیی هەڵە ئەنجامدەدرێت، ئەویش بێ تێگەیشتن لەم ڕۆژە كە هەندێكجار خوێندنەوەی جیاواز بۆ ڕۆژەكە دەكرێت, بۆیە تكایە واز لەشێوازی كاركردنی ڕابردوو جۆری چالاكی و یادكردنەوەو هەوڵدان بۆ مافەكانتان بهێنن، چوونكە ئەو پەیامە نەیتوانی ئامانجی خۆی بپێكێت و خوێندنەوەی جیاوازو دژ بەیەكی دروستكرد.
بەیاننامەو خوێندنەوەی ئاماری توندووتیژییەكان، چالاكیی دژی پیاوان، دۆخەكە بۆ ژنان خەمناكتر دەكات, چوونكە ژنانی ژیرو تیگەیشتوو كار بۆ ئاشتەوایی و یەكسانی لەكۆمەڵگەو چاككردنەوەی پەیوەندیی هەڵوەشاوەی خێزانەكان دەكەن.
بۆیە لێگەڕێن ژنان یەك رۆژیان هەبێت جلی ئاڵ و واڵا لەبەربكەن و ئاهەنگ بگێڕن و دوور بكەونەوە لەخەم و ناسۆرو بەرپرسیارێتیی خێزان و كۆمەڵگە.
ئەم ڕۆژە بكەنە ڕۆژی ئاشتبوونەوە
داوا دەكەم پیاوان ئەم ڕۆژە بكەنە ڕۆژی ئاشتبوونەوەو كۆتاییهینان بەكێشە كۆمەڵایەتییەكان بەبردنی گوڵ، گوزارشت لەپیرۆزیی ژنانی نێو خێزانەكانتان بكەن، ژنانیش بیكەن بەنەریت و ژیانتان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیش پڕبكەن لەسوپاسنامە بۆ ئەو پیاوە باش و بەئەمەكانەی كە یەكسانیی جێندەرییان جێبەجێكردووەو ڕێزیش لەكارو پێگەی ئێوە دەگرن، بەبۆچوونی من ئەم ڕێگەیە كۆتایی بەتوندووتیژی دەهێنێت.