ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 11 مانگ
لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە، عێراق دەست بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکات، تا ئەم چرکەساتەش، زۆربەی پێداویستییەکانی ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە کۆتاییانهاتووە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی بەرهەمهێنانی جەنگی لە عێراق ئاشکرایکرد: بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو، دەستبکەین بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە نرخی بەشێکیان 5 ملیۆن دینارەو چەند جۆرێکی تریشیان هەن نرخەکانیان زیاترن.
بەپێی وتەی ناوبراو؛ لەئێستادا 90%ی کارەکانی پەرەپێدانی پرۆژەکەو بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە تەواوبوون.
ئاشکراشیکرد: لەئێستادا تەنها بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێلەکان لە عێراق دەبن، بەڵام لەداهاتوودا تەواوی کارەکانی دروستکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەهێننە نێو عێراقەوەو دەبێتە بەرهەمهێنراوێکی تەواو خۆماڵی، بەپارەی کاش و بەشێوەی قیستیش ئۆتۆمبێلکە دەفرۆشرێت.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کە عێراق لەتوانایدایە مانگانە 2 هەزار ئۆتۆمبێلە، کە لە ساڵێکدا دەکاتە 24 هەزار ئۆتۆمبێل، لەحەوت مۆدێلی جیاواز بەرهەم بهێنێت، ئەمە وێڕای دروستکردنی چەندین وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لەنێو بەنزینخانەکان.





