plus4
پێش ٢ ساڵ
ئەنوەر حەمە ئەمین فەرماندەی پێشوی هێزی ئاسمانی عێراق دوای ( نۆ ) مانگ لەزیندانیكردن، لەچەند رۆژی رابردوودا ئازادكرا و گەڕایەوە ناو خێزانەكەی لەشاری هەولێر.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تیكتۆك بڵاوكراوەتەوە، لەگەڵ گەیشتنی بەماڵ، لەلایەن كەسوكارەكەیەوە بەرخ سەردەبڕدرێت و مناڵاەكانیشی بە هەلهەلە پێشوازی لێدەكەن.
ئەنوەر حەمە ئەمین پلەی ( فەریق روكن )بوو، خەڵكی ناوچەی سەرگەڕانی قەزای دووبزە و بەكەسێكی نزیك لەپارتی دیموكراتی كوردستان دەبینرێت.
رۆژی 16ی ئاب ( هەشت)ی 2021 دادگای تاوانەكانی كەرخ، بەماددەی 340 لەیاسای سزادانی عێراق سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ تاوانبار ئەنوەر حەمە ئەمین ئەحمەد فەرماندەی پێشوی هێزی ئاسمانی و سەرۆكی دەستەی ئیدارهی یانەی (قوە جەویە) دەركرد، بەتاوانی زیان گەیاندن بە سامان و بەرژەوەندی یانەكه لەرێگەی ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان.
تاوانەكە بریتی بوو لەسەرپێچیەك كە فەریق ئەنوەر حەمە ئەمین ئەنجامیدابوو، پارچە زەویەكی یانەی (قوە جەویە)ی لەبەغدا بە وەبەرهێنان دابوو بە دوو كۆمپانیای ئەهلی لەكاتێكدا زەویەكە خاوەندارێتێكەی وەزارەتی دارایی بوو تەرخانی كردبوو بۆ یانەكە، وەبەرهێنانی زەویەكەش بۆ بونیادنانی كۆمەڵگهیەكی نیشتەجێبون بوو بۆ كارمەندانی هێزە سەربازیەكان.
پێشتر ئەنوەر حەمە ئەمین لهرۆژی سزادانی لەلایەن دادگای كەرخەوە، لەكاتی گواستنەوەی بۆ بنكەی پۆلیسی ساڵحیە، بەهاوكاری برازایەكی كە پلەی عەقیدە لەوەزارەتی بەرگری بەناوی ( ئ.ص.م ) لهدهستی مهفرهزهیهكی پۆلیس هەڵات، بەڵام دواتر دەستگیركرایەوە.