ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش هەفتەیەک
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی، پێنج داوای یاسایی لەدژی سەرۆك كۆمار و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا رەتكردەوە.
هۆكاری رەتكردنەوەكەشی خستووەتەڕوو كە لەتایبەتمەندی دادگاكەیاندا نییە.
لەیەكەم كاردانەوەشدا محەمەد سەمعان وتەبێژی جبهەی توركمانی لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لەفەیسبوك نوسیوێتی: " دادگای باڵای ئیتیحادی دانی بە یاسایی بونی حكومەتەكەی ئوتێل رەشیدا نەناوە، بەڵكو تۆپەكەی خستووەتە گۆڕەپانی دادگای قەزای كارگێڕی كە بڕیارە 24ی ئەم مانگە بڕیار بدات."
پێنج سكاڵاكە لەلایەن ( راكان سەعید جبوری، حەسەن تۆران، سەوسەن عەبدولواحید ) تۆماركراون، سیانیان لەدژی سەرۆك كۆماری عێراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی كۆمارییەكەی پارێزگاری كەركوكیان كردووە، دووانەكەی دیكەش لەدژی ئەندامانی ئەنجومەن و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوە.
راكان جبوری و حەسەن تۆران و پارتی دژی پێكهێنانی حكومەتی نوێی كەركوكن و لەرێگەی دادگای فیدراڵی و دادگای قەزای ئیدارییەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەكەی ئوتێل رەشد دەدەن كە 10ی ئابی ئەمساڵ رێكخرا و تێیدا سەرۆك ئەنجومەن و پارێزگار هەڵبژێردران.