ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش ٢ هەفتە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، لەدیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی کوردسات بۆ یەکەم جار باسی چیرۆکی تووشبونی بە شێرپەنجەی مەمک دەکات و دەڵێت: لەبەڕیتانیا دەژیام کاتێک هەستم بەگرێیەک کرد، بڕیارمدا بەتەنها سەردانی پزیشک بکەم و لەنەخۆشخانە پشکنین دەستیپێکرد، هەستێکم بۆ دروستبوو کە تووشی شێرپەنجە بومە چونکە زۆر بەجدی پشکنینم بۆ دەکرا و داوایانکرد بۆ رۆژی دووەمیش سەردانی نەخۆشخانە بکەمەوە.
شاناز بە دڵێکی پڕەوە باس لەو ساتەوەختە دەکات و دەڵێت: گەشتەکەم بۆ هەرێم هەڵوەشایەوە، گەڕامەوە نەخۆشخانەو پزیشکەکە پێی وتم کە دەبوو کەسێکم لەگەڵ بوایە.. منیش پێم وت واز لەو قسانە بهێنە جارێ پێم بڵێ چەندم لەژیاندا ماوە؟
"پزیشکەکە هەر پێی نەوتم تووشی نەخۆشییەکە بویتە بەڵام باسی قۆناغ و شێوازی نەشتەرگەرییەکانی بۆ کردم، پێم وت پێویست ناکات بچیتە وردەکارییەوە.. ئەوەی کە پێویستە بیکەی فەرموو بیکە، چونکە چاوەڕێی ئەوە مەکە موافەقە لەسەر شتێک بکەم ژیانم بپارێزێت".. شاناز وا دەڵێت.
"کاتێک چومە نێو ئۆتۆمبێلەکەم، ماوەیەک لەکار پارکەکە مامەوە، بڕیارمدا بەکەس نەڵێم و بەردەوامی بە ژیانی خۆم بدەم بەتایبەت کە ئەو رۆژە بۆ ئێوارەکەی کۆمەڵێک دۆستمان بانگهێشتی خواردن کردبوو، بەهەرحاڵ خواردنم حازرکردو پێشوازیم لەمیوانەکان کرد."
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەدرێژەی باسەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاتێک تووشی نەخۆشییەکە بوە، هێشتا دوو ساڵ بوە باوکی کۆچی دوایی کردووەو بۆ ئەوەی ناخۆشییەکی تر نەخاتە سەر دڵتەنگی خێزانەکەی، بڕیاریداوە بەتەنها روبەڕوی نەخۆشییەکە ببێتەوەو بەکەس نەڵێت، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان یەکەم کەس بە هێرۆی خوشکی دەڵێت.
دوو رۆژ پێش نەشتەرگەرییەکە ناچاربوە بە عەبدولەتیفی هاوسەری بڵێت تاوەکو لەو ماوەیەدا خۆی هاتووچۆ بە منداڶەکان بۆ قوتابخانە بکات، قۆناغەکانی نەشتەرگەری و کیمیاوی و لیزەر تێدەپەڕێنێت.
ئەوەی بیری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ناچێتەوە، ئەو ساتە بوە کە لەکاتی سەر شوشتندا هەموو پرچی هاتووەتە نێو دەستێوەو لێبوەتەوە بەهۆی کاریگەری دەرزییەکانەوە.. کاریگەریی وەرینی پرچی لەتەنهاییەکەی و شاردنەوەی ئازارو نەخۆشییەکەی زەحمەت تر بوە، هەرگیز بەخەیاڵیدا نەهاتووە جارێکیتر پرچی بۆ بگەڕێتەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە، حەزەکەم بەخەڵک بڵێم.. بیستنی ناوی ئەو نەخۆشییە کۆتایی دوونیا نییە، ئەگەر من لەکاتی خۆیدا و پێشوەخت پشکنینم بکردایە رەنگە ماوەی چارەسەرییەکەم کەمتر بوایە، نەک 5 ساڵ.. بۆیە داوا لەهەموو ژنان دەکەم پشکنینی پێشوەختە پشتگوێ نەخەن.