plus4
پێش ٢ ساڵ
مهكتهبی سیاسی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر بۆردومانەکەی تورکیا لە سنوری قەزای چەمچەماڵ و مەخمور ڕاگەیاند و داوا دەكات، حكومەتی عێراق و هەرێم وەڵاتی توركیا لەم پێشێلكاریانە ئاگاداربكەنەوە.
دەقی ڕاگەیەنراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی:
بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پێشھاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ئاوارەکانی مەخموور دەکەین كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و هەشت برینداری لێكەوتەوە.
وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکار و خانەوادە بەڕێزەکەیان، دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و لە رێگەی کەناڵە دیبلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە.
ھاوکات حکومەتی ھەرێمیش لەسەر ئەم رووداوە بانگهێشتی کونسوڵی تورکیا لە ھەرێم بکات و روونکردنەوە بدرێت. چونکە ھیچ بیانوویەک نییە بەھۆی سنووربەزاندنەوە خەڵکی مەدەنی لە رووی گیانیی و مادییەوە زەرەرمەندبن. خوێنی ھاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەکەین پیرۆزییەکانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢١ی ئایاری ٢٠٢٢