plus4
پێش هەفتەیەک
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (کەرکوک - شەنگال - خانەقین) دەکات دەتوانن لەکاتژمێر (9:00)ی ئەمشەوەوە، لەهەمان سایتی زانکۆڵاین داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لەزانکۆ حکومییەکانی هەرێم پێشکەشبکەن.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو لەڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت: سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، ئەوانەی ناویان لەنووسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەمان تۆمارکردووە، هاوشێوەی دەرچووانی هەرێم، دەتوانن داواکاری لەڕێگەی زانکۆڵاین بۆ وەرگرتنیان لەزانکۆ حکومییەکانی هەرێم داواکاری پێشکەشبکەن.
وتیشی: لەهەبوونی هەر گرفتێکدا سەبارەت بەپرۆسەکە، دەرچووان دەتوانن سەردانی نووسینگەی کەرکوکی وەزارەت بکەن و ئاسانکاری و ڕێنوێنیان پێشکەشدەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەهەمان مەرج و پێوەری وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێم، لەزانکۆو پەیمانگە حکومییەکانی هەرێم وەردەگیرێن.
ئەمساڵیش جیاواز لەساڵانی ڕابردوو، دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن بەکۆدەکانیان بچنە نێو سیستمەکەو ڕاستەوخۆ داواکاری بۆ وەرگرتن لەسایتی زانکۆڵاین پێشکەشبکەن.