لیستی یەکێتی
plus4
پێش مانگێک

بەداخەوە جارێکیتر لەڕێگەی نانەوەی ئاژاوە، بەهۆی ترس لەهەڵبژاردن و شکستی هەڵبژاردن، لەماوەی چەند ڕۆژێکە، دووەم جارە لەڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت.

دیارە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 30-9-2024 لەکاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ لەپرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی (قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لەبەرامبەردا، لەپای ڕێزگرتن لەحەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی ناداتەوە، هەرچەندە لەماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەمجارە ئەم ئاکارە ناشیرینە لەبازاڕی هەولێرو لەحەرەمی مزگەوتیش دووبارە بووەتەوە.

پاشان، پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لەناو مزگەوتەکەدا تەقەدەکەن.

تەواوی ئەو کارو کردەوانە بەهەوڵی نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، ئەم کردارانەش بەڕوونی ترسن لەهەڵبژاردن و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیانن؛ ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دۆڕان و شکست چاوەڕوانیان دەکات.

جارێکیتر، وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تەئکید لە بانگەشەیەکی هێمن و مەدەنی و دیموکراسی دەکەینەوەو داواکارین لەهەموو لایەنەکان بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بەڕێوە ببەن.

کاروان گەزنەیی

وتەبێژی ڕەسمی لیستی (129)ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان