plus4
پێش مانگێک
لە یادى حەوت ساڵەى ڕیفراندۆمدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردووەو دوپاتیکردوەتەوە، دەبوایە لە ریفراندۆمی 25/9/2017دا، بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەی وردی هەلومەرجی وڵات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستانی گەلەکەمان کە ئامۆژگاری و پێشنیازی دۆستانەیان کردین لە دۆخێکی باشتری تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی کرابا، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە باش و خراپەکانیشدا هەمووان پێکەوە شانیان دابایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەرکەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، جا لەجیاتی ئەوەی سەركردایەتی ئەوسای ریفراندۆم، بە تایبەتیش باڵی سەركردایەتی خۆسەپێن و قۆرخكاری ناو پارتی، شان بداتە بەر ئەركەكانی چارەسەركردنی لێكەوتەكان و ساڕێژی برینەكانی دوای شكست، كەچی بە خیتابی ناڕەوا و نا بەرپرسانەی تەخوین و درز خستنە ریزەكانی گەلەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامە چاوەڕوانكراو و نەخوازراوەكانی پڕۆسەی ریفراندۆمدا كرد، بە جۆرێك لە جێبەجێكردنی بەڵێنی سەربەخۆیی پاشگەزبوونەوە و پڕۆسەی ریفراندۆمیان كردە دەسكەلای موزایەدەی ناوخۆیی و بە كردەوەش خاكی كوردستانیان، لە ناوچە دابڕاوەكان، بۆ قەدەری كەینوبەینی ژێربەژێر و موساوەمەی نابەرپرسانە بەجێهێشت، بە تایبەت كە ئەوكات جومگە سەرەكییەكانی حكومڕانیان بە دەستبوو، بۆیە لە ئاستی دەرەوە دەستیاندا بە خۆچەماندنەوە و سڕكردنی ئاكامی ریفراندۆمەكە و پاڕانەوە و پێشكەشكردنی سازش لەسەر سازش، لە ئاستی ناوخۆشدا شانازی درۆزنانەی بە ریفراندۆمێكی بێ ئاكامیان، كردە گوتارێكی سیاسیی هەرزان، بێ گوێدانە دەرئەنجامە خراپەكانی دواتر لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان.
هەر ئەو كاتەش یەكێتی و هێزی پێشمەرگەی یەكێتی ئازایانە لە مەیدانی نەبەردیدا شەهید و قوربانیان بەخشی و بۆ پاراستنی خەڵكەكەشمان بەدیدێكی دوورمەودای نەتەوەییانە ڕێی مانەوە و خۆڕاگری بەرپرسانەیان گرتەبەر، لە كاتێكدا لایەنی تر لە كۆڕی رووبەرووبونەوەدا هەڵهاتن و لە سەكۆی هاشوهوشی ئیعلامیشدا تۆزی شكستیان بە تەخوین و تۆمەتباركردنی هێزە نیشتمانییەكان داپۆشی و نەیانهێشت هەلومەرجی هەڵسەنگاندنێكی دروست و بابەتی بۆ پرۆسەكە بێتە كایەوە تاوەكو كەمتەرخەم و لایەنی بەرپرس لە شكستەكەی ریفراندۆم و بەدواهاتووەكانی لە ئۆكتۆبەری هەمان ساڵدا، دەستنیشان بكرێت.