plus4
پێش مانگێک
دیلان غەفور پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی رایگەیاند: ئەمڕۆ لەدانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق " هەمواری یەكەمی یاسای دەزگای شەهیدان" پەسەندکرا.
وتیشی، لەهەواری یاساکەدا توانرا ئیمتیازاتی شەهیدانی پێشمەرگەو ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەناوچە دابڕاوەکان هاوتای ئیمتیازاتەکانی دەزگای شەهیدانی عێراق بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە کەسوکاری شەهیدانی هەرێم لەکەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر دەتوانن پارچە زەوی یا یەكەی نیشتەجێبون لەگەڵ منحەی خانوبەرە هاوشێوەی شەهیدانی عێراق وەربگرن و هیچ رێگرییەک لەبەردەمیان نەما.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەوانەی دەتوانن سودمەند بن بریتین لە باوك و دایكی شەهید، هاوسەرو منداڵەكانی، براكانی ئەگەر شەهیدەكە سەڵت بوبێت و باوك و دایكی لەژیاندا نەمابێتن.
پەرلەمانتار دیلان غەفور وتیشی، كەوسكاری شەهیدەكە دەتوانن جیا لەو پارچە زەوییەی سودمەندبونە، زەوی دیكەش وەربگرن ئەگەر فەرمانبەربن.
بەپێی هەمواری یاساکە، وەزارەتەكانی دەوڵەت لەبەغداو پارێزگاكانی دیكە پابەندن بەدابینكردنی زەوی و تۆماركردنی بەناوی دەزگای شەهیدانەوە بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبون و دابەشكردنی بەسەر كەسوكاری شەهیدو بریندارەكان.
یەکێکی دیکە لەو ئیمتیازاتانەی بە كەسوكاری شەهید بەخشرا بریتییە لەوەی لەكرێی خوێندنی ئێواران دەبەخشرێن، لەزانكۆ ئەهلییەكانیشدا 25%ی پارەكەیان لێ وەرناگیرێت.
هەروەک دەستەی گشتی حەج و عومرە ساڵانە دەبێت 5% كورسیەكانی حەج بۆ كەسوكاری شەهیدان تەرخان بكات.