plus4
پێش ٢ مانگ
درەنگانی شەوی ڕابردوو لەشاری بەغدا، لەئەنجامی تەقینەوەیەکدا ژمارەیەک هاووڵاتی بوونە قوربانی.
لەوبارەیەوە وەلید تەمیمى؛ فەرماندەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا بە میدیا عێراقییەکانى ڕاگەیاند: تەقینەوەکە لەناوچەى سەلامیات ڕوویداوەو لەڕێی بۆمبێکى چێنراوەوە ئەنجامدراوە.
وتیشی: بۆمبە چێنراوەکە کراوتە نێو بۆکسێکى دیارییەوەو لەڕێی شۆفێرێکی (توک توک)ەوە نێردراوە بۆ هاووڵاتییەک تا بەئامانج بگیرێت.
بەر لەڕادەستکردنى بۆکسەکە، بۆمبەکە لەنزیک بازگەیەکى سەربازی تەقیوەتەوەو بووەتە هۆى گیان لەدەستدانى شۆفێرى دیلیڤەریی (توک توک)ەکەو سەربازێک، لەهەمان کاتدا دوو کەسیتر برینداربوون.
بەپێی وتەی هێزەکانی ئەمنی، ئەو کەسەی بۆمبەکەی بۆ نێردراوەو بەئامانج گیراوە، لەڕووداوەکەدا گیانی لەدەست نەداوە، بەڵکو تەنها برینداربووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا دەڵێت: ڕووداوەکە بەهۆی کێشەى کۆمەڵایەتییەوە بووەو کارێکى تیرۆریستى نەبووە، بۆ ئەو مەبەستە تیمێک پێکهێنراوە تا شێوازى داڕشتنى پیلانەکەو دەستنیشانکردنى تۆمەتبارەکە ئاشکرابکەن.