plus4
پێش ٢ مانگ
دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كارەكانی ئەنجامداوە و تاوەكو ئێستا بەردەوامبووە.
مەلا بەختیار لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەكە رادەستناكرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەكێتیدا درێژە بە كارەكانی بدات، یەكێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەكی هێمنانە و دوور لە هەموو جۆرە گرژییەك، هەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات کە خاوەندارێتیی زەوی و بارەگاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی.
ئەم هەوڵە نەك پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیكردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵكو پاڵپشتیی ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و فراوانكردنی سنوورەكانی دیموكراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەكێتی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.
ئەم هەوڵەی یەكێتی درێژكراوەی هەوڵەكانی حزبەكەیە بۆ رێكخستنەوەی دەزگاكانی.
هەموو دەنگۆیەكیش سەبارەت بە جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە رەتدەكەینەوە.
بەداخەوە میدیای باڵێكی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە هەوڵی نەزۆكانە دەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەكان و چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان، بۆیە داوایان لێدەكەین ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی كاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاكوان و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریكەكانی هەولێر و بادینان ئازادبكەن.
سلێمانی پێویستی بە فرمێسكی تیمساحیی ئێوە نییە، بەڵكو ئێوەن دەبێت وانەكانی ئازادی و دیموكراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن.