كؤبونةوةي برلما
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش ٢ مانگ

 

ئەمڕۆ لەپەرلەمانی عێراق، لیژنەیەكی ماددەی 140 بە ئامادەبونی نوێنەری جوتیاران و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك و فەرماندەی فیرقەی 11ی سوپای عێراق سەبارەت بەكێشەی زەوی و زارەكان كۆبوەوە.
 

ساتع كەركوكی نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا كە لەكۆبونەوەكەدا ئامادەبووە لەلێدوانێكی تایبەتدا بە plus4ی راگەیاند: كۆبونەوەكە بەسەرۆكایەتی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا بۆ بەدواداچون لەو سكاڵایانەی لەرابردوودا دژی هەوڵەكانی سوپای عێراق بۆ داگیركردنی زەوییەكان تۆماركرابوون.

 

وتیشی، لەكۆبونەوەكەدا ئاماژەمان بۆ زیادەڕۆییەكانی سوپای عێراق كرد كە بەبێ رەچاوكردنی ماددەی 140 زیادەڕۆیی دەكەنە سەر زەویی جوتیارانی كورد بەبیانوی ئەوەی پێشتر مجلس قیادە سەورە بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانكراوە.

 

بەوتەی ساتع كەركوكی، فەرماندەكانی سوپای عێراق لەكەركوك هیچ قسەیەكیان بۆ بەرگری لەهەوڵەكانیان نەبوو، ئەوان خستیانە ئەستۆی وەزارەتی بەرگری گوایە رێنمایی و بڕیارەكانی سەروی خۆیانیان بۆ فراوانكردنی بارەگاكەیان جێبەجێكردووە.

 

لەبارەی بەكارهێنانی دەستەواژەی ( عقود مجمدە ) كە لەدوای ساڵی 2017ـەوە كشتوكاڵی كەركوك بۆ زیندوكردنەوەی گرێبەستی عەرەبی هاوردە بەكاریدەهێنێت، نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا دەڵێت: لیژنە پەرلەمانییەكە جەختیانكردەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەیاسادا دەستەواژەی ( عقود مجمدە ) بونی نییە و ئەوەی رویداوە بیدعەیەك بوە بۆ داگیركردنی زەویی جوتیارانی كورد، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوكیش خۆی لەبەرپرسیارێتییەكە شاردەوەو خستێ ئەستۆی وەزارەتەكەی.

 

 
وتیشی، لیژنەكە لەكۆتایی كۆبونەوەكەدا بڕیاریدا بۆ كۆبونەوەی داهاتوو كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بانگهێشتی هادی عامری سەرۆكی ماددەی 140ی دەستوور و سابت عەباس وەزیری بەرگری و وەزیری كشتوكاڵ بكرێت بۆ رونكردنەوە لەبارەی ئەو زیادەڕۆیانەی لەكەركوك دژی ئەو زەویانە رودەدەن.
 
سوپای عێراق هەوڵدەدات دەیان دۆنم زەوی تۆپزاوا بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبون داگیربكات و لەلایەكی دیكەشەوە بەبیانوی فراوانكردنی بارەگایەكیان دەیانەوێت دەستبەسەر 800 دۆنم زەوی تری گوندەكە بگرن.