سؤمؤ
plus4
پێش ٢ ساڵ

کۆمپانیای نیشتیمانیی بە بازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ" لەراپۆرتێكدا بڵاویكردەوە،گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە جۆری کرێ نین، بەڵکو لە جۆری هاوپشکین لەگەڵ کۆمپانیاکان، جگە لەوەی گرێبەستەکان بەشێوەی دوو بە دوو کراون، نەک زیادکردنی ئاشکرا، بۆیە مافێکی زۆر دراوە بە کۆمپانیاکان."   

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەروەها لە گرێبەستەکاندا بەڵێندەرەکان بەخشراون لە باج و ڕێگەدراوە قازانجەکانیان چەند جار بەرزببێتەوە بەبێ ئەوەی باجیان لێوەربگیرێت کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای باجە لە عێراق کە لە ساڵی 1982 هەموارکراوەتەوە."   

 

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، "هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بەو پشکانەی بۆ عێراق دیاریکراوە بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئۆپێک کە ئەوەش خراپ بەسەر پشکەکانی عێراقدا شکاوەتەوە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشور، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی داهاتی عێراق کەم بێت سەرباری ئەوەی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشی داوە."   

 

کۆمپانیای سۆمۆ دەشڵێت، "واژۆ کردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان پێچەوانەی دەستورە، چونکە ئەوە تایبەتمەندی حکومەتی فیدڕاڵییە و نەخشەکێشان و سیاسەتی نەوت و گاز لە ئەستۆی ئەودایە و بە بازاڕکردنی نەوت و گازیش بەشێکە لە بازرگانی دەرەکی و تایبەتمەندی حکومەتی فیدڕاڵە."   

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "مەرجە داراییەکانی ئەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی خراپترە لەوانەی عێراق و ئەوانەی عێراق دەرفەتی باشتری تێدایە، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێم پشکی نەوت بەخشراوە بە بەڵێندەرەکان لەگەڵ مافی مامەڵەکردن بەو بەشە نەوتەی خۆی و فرۆشتنی لەهەر کوێیەک کە خۆی دەیەوێت کە ئەوەش پێچەوانەی مادەی 11ی دەستورە."   

روونیشیکردووەتەوە، "مادەی 11ی دەستوری عێراق دەڵێت، نەوت موڵکی گەلی عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان بەخشیویەتی بەو کۆمپانیا و بەڵێندەرانە."