کەرکوک
plus4
پێش 3 مانگ

سەرچاوەیەک رایگەیاند: لەم کاتە هەستیارەدا کە کەرکوکی پێدا تێدەپەڕێت، دەستێکی ئاشوب و شەڕانگێز هەوڵەکانی خۆی بۆ دروستکردنی شەڕو ئاژاوە خستووەتەگەڕ و دەیەوێت بەتێکدانی دۆخەکە شکستەکانی خۆی بشارێتەوە و جارێکیتر رۆڵەکانی کورد بکاتە قوربانی بەرژەوەندییە حزبییەکانی و دواتر موزایەدە بە خوێنی گەنجە خوێنگەرمەکانمانەوە بکات.

وتیشی، داوا لە هاوڵاتیانی کەرکوک دەکەین هیچ کەسێک دوای بانگەشەو بانگەوازی هیچ کەس و لایەنێک نەکەوێت کە بەپێی زانیارییەکان دەیانەوێت بەناوی خۆشحاڵی دەربڕین، خەڵک فڕیودەن و بیانهێننە سەر شەقام و کێشەو ئاژاوەی لەگەڵ نەتەوەکانی تری لێبکەوێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە خەڵکی کەرکوک لەوە وشیارترن کە هەندێ لایەن بیری لێدەکەنەوەو پیلان بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دادەڕێژن و لەسۆشیال میدیاشەوە هەڵمەتییەکی چەواشەکارانەیان دەستپێکردووە ، لەکاتێکدا کەرکوکییەکان بڕیاریانداوە قۆناغێکی نوێ دەستپێبکەن و لەسەر بنەمای کەرکوکیانە کاربکەن بێ رەچاوکردنی پێکهاتەوەو رەنگ و جیاوازییەکان، سیاسەتەکانی سەرۆک مام جەلال دەبێتە نەخشە رێگەی حوکمڕانییەکی نمونەیی بەبەشداری هەموو لایەنەکان.

ئەو سەرچاوەیە وتی:"داوا لە گەنجانی کورد دەکەین ئارام بن و دان بەخۆیاندا بگرن و دوای هیچ بانگەشەیەک نەکەون کە دواجار بە زیانی نەتەوەکەمان کۆتایی دێت، هەر لەسەرەتاشەوە بڕوامان بەوەیە کە هیچ دەستکەوت و بەرژەوەندییەک لەدڵۆپە خوێنی گەنجێکمان پیرۆزتر و گەورەتر نییە."