عارف قوربانی
پێش 3 مانگ
دوای هەشت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی شەممە لە هۆتێل رەشیدی بەغدا ئەو گرێکوێرەیە کرایەوە کە بەمەبەست بۆ کەرکووک دروستکرابوو. خودی یاساکە کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پێ بەڕێوەچوو، تەون و تەوقێکی چندراوبوو تاوەکو کێشەی کەرکووک ئاڵۆزتر بکات، هەروەها دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکەش وەک جۆرێک لە هاوسەنگی بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا، هەر ئاوی دەکردە ئاشی مانەوەی دۆخی چەقبەستووی کەرکووکەوە. کە مانەوەی ئەو دۆخەش تەنیا و تەنیا لە بەرژەوەندیی تەعریبدابوو.
بۆیە پێش هەر شتێک، هەر تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووە، شکاندنی بەستەڵەکێکی گەورەی بەردەم کەرکووک بوو. وەک دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەش وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەلایەن کوردەوە، بەتایبەت لەم هەلومەرج و دۆخە روو لە هەورازەی کورددا، دەستکەوت و سەرمایەیەکی گەورەی نەتەوەییە.
بۆیە دەبێت دەستخۆشی لە بافڵ تاڵەبانی بکرێت کە بەهەر رێگە و هەر جۆرە سیناریۆیەک بووە توانی ئەو پۆستە لە عەرەب وەربگرێتەوە.
لە ئێستا بەدواوە بەرپرسیارێتیی کەرکووک راستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە.
هەروەها لایەنێکی دیکەی گرنگی ئەم پرۆسەیە تێکدانی یەکڕیزیی بەرەی عەرەبی بوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمەش بایەخی لە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار زیاتر نەبێت، کەمتر نییە. بەتایبەتی دوورخستنەوە و فەرامۆشکردنی ئەو بەرەیەی راکان جبووری پارێزگاری بەوەکالەتی پێشووی کەرکووک سەرپەرشتی دەکرد، کە ماوەی حەوت ساڵ بوو بە بەرچاوی خودا و خەڵکەوە بێباکانە درێژەی بە سیاسەتی تەعریبی کەرکووک دەدا. فەرامۆشکردنی ئەو بەرەیە، شکاندنی شکۆی تەعریب بوو.
بۆیە دەکرێت بە دەستەواژە و دەربڕێنێکی سادە بڵێین، ئەوەی روویدا وەک کورد دەڵێت (بە تیرێک شکاندنی چەندین نیشان) بوو.
هەرچەندە هێشتا زۆر روون نییە دەرئەنجامەکان چۆن دەبن، بەتایبەت ئەگەر تورکمان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکردبێت، ئەگەری ئەوەی هەیە هەندێ کێشەی یاسایی لێبکەوێتەوە، چونکە بەپێی ئەو یاسا پڕ لە ستەمەی بەتایبەت لە پەرلەمانی عێراقەوە بۆ کەرکووک دەرکرا، مەرجی سەرەکی بۆ دروستکردنی حکومەتی خۆجێی کەرکووک بەشداریی نوێنەری هەر چوار پێکهاتەکەیە، ئەوە کراوەتە بنەما زیاتر لەوەی ژمارەی کورسی و کەمینە و زۆرینە پێوەر بێت. بۆیە هیوادارم بەهەر سازشێکی پێویست بووە تورکمان وەک بەشێک لەو رێککەوتنە و هاوبەشێکی راستەقینە لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک بهێندرێتە نێو هاوکێشەکەوە. ئەگەر چارەسەر بۆ بەشداریی و رەزامەندیی تورکمان بدۆزرێتەوە، نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی دیکە بایەخێکی ئەوتۆ یاخود کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە نابێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناخە تازەیەی دوای وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکات، ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەکوێ دەگات؟ لەکاتێکدا کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی سەربار لەناو هەرێمی کوردستان لە نێوانیان هەیە، لە دوو مانگی رابردوودا لە پارێزگای نەینەواش پرۆسەی هەندێ ئاڵوگۆڕ لە پۆستە ئیدارییەکان، ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو هێزەی قوڵتر کردەوە.
لە کەرکوکیش وەک نەیانتوانی بەسەر ناکۆکیی و کێشەکانیاندا زاڵبن و یەک هەڵوێست بن، چوون هەریەکە و کەوتنە بەرەیەکی دژ بەوی دیکەوە. ئایا ئەم سەرکەوتنەی یەکێتی لە کەرکووک و تا ئەندازەیەک ئاوتکردنی پارتی لە کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالەش، ئایندەی ناکۆکییەکانیان لەنێو هەرێمی کوردستان بە کوێ دەگەیێنێت، بەتایبەت کە بڕیار وایە لە دوو مانگی داهاتوودا پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و پاش چەند مانگێکی دیکەش مشتومڕی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە.
وەک چۆن دەتوانرێت ئەو وێنایە لەم پرۆسەیە بخوێندرێتەوە کە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قوڵتر بکاتەوە، بە هەمان ئەندازە و زیاتریش پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەرفەتی ئەوەی تێدایە بکرێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتنێکی تازە لەنێوانیان، بەڵام پێویستی بە ئیرادەی بەهێز و خوێندنەوەی واقیع و هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکی بۆ پێشهاتەکانی داهاتوو هەیە.