پێشڕەو
plus4
پێش 3 مانگ

رۆژنامەنوس پێشڕەو مەلا وەیس لە نوسینێکدا لەژێر ناوی (شكۆی كورد و كەركوك بە ئێوە و پلانەكانتان ناشكێندرێت) دەڵێت:-

سەیرە ئێوە شەش ساڵی رێك كەركوك و كەركوكییەكانتان بەجێهێشتووە، لەو دیوی سنووری كەركوكەوە بانگەشەی داگیركراوتان بە گوێی خەڵكدا دەدا، هەرچەندە ئەو كارەساتەی بەسەر ئەو شارە كوردییەدا هات، ریفراندۆمە شومەكەتان هۆكاری یەكەم و كۆتایی بوو، ئێستا دوای شەش ساڵ هاتوون بە دوو كورسییەوە دەتانەوێت كەركوك بۆ سەدەیەكی تر بگەڕێننەوە دواوە، دەتانەوێت دەست و پەنجەی براكانی خۆتان تێكبشكێنن، بۆ پۆسێكی بەغداد یان دەستخۆشییەك، سەرباری هەموو ئەوانە دەزانم راسپێردراون لەلایەن ئەو وڵاتەی لە سنووری ژێر دەسەڵاتی ئێوە چەندین بنكەی داناوە و بێدەنگن لە ئاستیان، هەر بە ویستی ئەوان دەتانەوێت كوردستانیبوونی كەركوك بۆ ئەبەد لەناوبەرن.

ئێوە، هیچ كات كەركوك و كەركوكییەكانتان بە بەشێك لە هەرێمی كوردستان نەزانیوە، ئەگەرنا نەدەبوو لەگەڵ نەیارە سیاسییەكانی كورد و یەكێتی رێكبكەون، بەڵام ئەم كارەتان نە تازەیە و نە یەكەم جارتانە و نە كۆتا جاریشتان دەبێت، ئەو كارەی لە بەرامبەر كەركوك ئەنجامی دەدەن لە ناسنامەی خیانەت و شكاندنی شكۆی كورد و سڕینەوەی كوردستانیبوونی كەركوك و فەرامۆشكردنی خوێنی شەهیدان زیاتر هیچ ناسنامە و پێناسەیەك هەڵناگرێت.

ئێوە، لە پیرمام پێشوازی لە كەسانێك دەكەن كە بە هەموو توانایانەوە هەوڵدەدەن ناسنامەی راستەقینەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بشێوێنن، كەچی كوڕ و كچێكی شەهید ئەگەر بیەوێت سەرێكی پیرمام بدات، خۆی لە زیندانەكانی پاراستن دەبینێتەوە بە بیانوی بەزاندنی حەرەمی حیزبەكەتان، بەڵام ئەفسوس بۆ نەیارەكانی كورد فەرشی سوور و سفرەی شاهانە و جانتای پڕ لە دۆلاری دزراوی ئەم میلەتە ستەم دیدە و چەوساوەیەیان بۆ دەكەنە دیاری، بۆیە دەڵێم بەهۆش وەرنەوە لە سیاسەتدا یان هیچ یان هەمووی نابێت و ناكرێت، ئەگەر كەسێكیش ئەو بڕوایەی هەبێت سەری خۆی لە مەزادخانەی مێژوو وەك قێزەونێكی نیشتیمانی دەبینێتەوە.

یان دەتانەوێت سزای كەركوكییەكان بدەن لەبەرئەوەی یەكێتین و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك حیزبێكی سەنگینی سیاسی و نیشتیمانی دەبین، بەڵام سێ هۆكارە، یەكەم دەتانەوێ تۆڵەی شكستەكانتان لە كەركوك لە خەڵكە بەشمەینەتەكەی بكەنەوە، دووەم بەقسەی قارداشمەكانتان دەكەن، سێیەم فێری تێكشكاندنی یەكڕیزیی ناوماڵی كوردن.

بەسە، سیاسەتی دژ بە گەل و خاك و ئەو سنوورانەی خوێنی هەزاران كوڕ و كچی كورد رژێنراوە لەسەر ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك و ئەو ناوچانە.