plus4
پێش 3 مانگ
لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ هەردوو فراكسیۆنی (كەركوك هێزو ئیرادەمانە)و (بابلیۆن)، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایسپاردن كە لەنزیكترین كاتدا حكومەتی خۆجێیی پێكبهێنن و پارێزگارێكی یەكێتیش بۆ كەركوك دابنێن.
شێرزاد سەمەد لێپرسراوی هەڵبژاردنی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەت بە plus4ی ڕاگەیاند: لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا، سودانی بەهەردوو فراكسیۆنی (كەركوك هێزو ئیرادەمانە)و (بابلیۆن)ی ڕاگەیاند: لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكە پێكبهێنن و پارێزگارێك بۆ كەركوك دیاریبكەن.
شێرزاد سەمەد ئاشكراشیكرد كە سودانی بەڕوونی بەهەردوو فراكسیۆنی ناوبراوی ڕاگەیاندووە: وەك ئەوەی یەكێتی براوەو خاوەنی زۆرترین دەنگ و كورسیی دوا هەڵبژاردنی كەركوكە، پێویستە پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دابنرێت.
ڕوونیشیكردەوە: سودانی پێیوتوون: وێڕای دانانی پارێزگارێكی كوردو لەنێویاندا یەكێتی بۆ كەركوك، پێویستە سەرجەم پێكهاتەكانی تری پارێزگاكەش لەپێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوكدا بەشدارییان پێبكرێت، هەروەك پشتگیری و پشتیوانیی حكومەتی عێراقیشی بۆ ئیدارە نوێیەكەی كەركوك دەربڕی و ڕایگەیاند: بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی ئیدارە نوێیەكەی كەركوك دەبین، بەبەشداریی سەرجەم پێكهاتەكان و پارێزگاریش مافی یەكێتییە.