plus4
پێش 4 مانگ
ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک - سەڵاحەدینی یەکێتی، لەکەرکوک لەگەڵ لێپرسراو و کادیرانی ئەنجومەنی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوک کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەندامانی سەرکردایەتی و پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی یەکێتی ئامادەیبوون، ئاسۆ مامەند باسی ڕەوشی ناوچەکەو کوردستان و عێراقی کردو پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیش تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.
ئاسۆ مامەند وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی پارێزگا لەکەرکوکییەکان ڕایگەیاند: هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان بەو ئاراستەیە دەبێت کە خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانی کەرکوک بکەین و سەقامگیری و ئارامی دانیشتوانەکەی بپارێزین.
وتیشی: جگە لەداکۆکیکردن لەمافە دەستورییەکان، بەدواداچونی پێویست بۆ گیروگرفتە خزمەتگوزارییەکانیش دەکەین، بەجۆرێک لەئاستی خواست و داواکارییەکانی هاووڵاتیانیی کەرکوکدا بێت.
ئەوەشی نەشاردەوە کە بەرنامەو پیلان لەدژی کوردو یەکێتی لەم پارێزگایە دەگێڕدرێت، بەڵام بەهەوڵ و هیممەتی یەکێتییەکان و دانیشتوانی خۆڕاگری کەرکوک، سەرجەم ئەو پیلانگێڕییانە لەگۆڕ دەنێین و خۆمان بۆ قۆناغێکی گەشەسەندووتر سازو ئامادە دەکەین، چوونکە یارو نەیار چاویان لەهەنگاوەکانی یەکێتییە.