لونا شبل
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 4 مانگ

 

"لۆنا شبل" خانمە میدیاكاری دیاری سوریا و راوێژكاری بەشار ئەسەد گیانی لەدەستدا.

 

 

بەپێی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری سوریا، پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، "لۆنا شبل" لەنزیك شاری دیمەشق كۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەكەی لەدەستداوە و تووشی پێكدادانێكی بەهێز بوە، بەهۆیەوە سەری دووچاری خوێنبەربون بوە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدا بووە.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە، ئۆتۆمبێلەكەی شبل لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی تردا تووشی پێكدادان بوە و كۆنتڕۆڵی لەدەستداوە، شۆفێرەكەی دیكەش دەستگیركراوە.

 

"لۆنا شبل" تەمەنی 48ساڵ بوو، یەكێك بوو لەرۆژنامەنوس و میدیاكارە دیارەكانی سوریا و ماوەیەكیش بێژەری كەناڵی جەزیرە بوە.

لەساڵی 2011 و لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندان و گرژییەكانی سوریا، وەك كاردانەوە دژی ناوهێنانی حكومەتەكەی ئەسەد بە دیكتاتۆر، كەناڵەكەی بەجێهێشت و گەڕایەوە دیمەشق.

 

لەو كاتەوە "لۆنا شبل" یەكێك بوە لەبازنەی نزیكی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا و لەهەموو كۆبونەوەو سەردانەكانیدا بەشداربوە.

ساڵی 2020 لەلایەن گەنجینەی ئەمریكاوە، "لۆنا شبل" و "عەمار ساعاتی" هاوسەری خرایە لیستی رەشی سزا ئابورییەكانەوە.

 

میدیاكانی ئۆپزسیۆنی سوریا لەبارەی گیان لەدەستدانەكەی ( لۆنا ) باس لەچەند سیناریۆیەك دەكەن.

 

بەشێكیان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كە زریپۆشێكی سەربازی خۆی بە ئۆتۆمبێلی "راوێژكارەكەی سەرۆك"دا كێشاوە و بەهۆیەوە وەرگەڕاوە.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤیش، گومان لەروداوەكە دەكات و دەڵێت: ماوەی مانگێكە كارەكانی "لۆنا شبل" سنورداركراوە چونكە ( ئێران ) گومانی هەبوە كە ناوبراو لەبەرژەوەندی روسیا، هەموو زانیاریی كۆبونەوەی بەرپرسانی سوریا و ئێرانی گەیاندبێتە مۆسكۆ.

 

مانگێك پێش ئێستا لەلایەن هەواڵگری حكومەتی سوریاوە، "عەمید ملهم شبل" برای "لۆنا شبل" بەتۆمەتی سیخوڕیكردن لەبەرژەوەندی ئیسرائیل دستگیركراوە.

 

هەر مانگی رابردوو، (عەمار ساعاتی) هاوسەری "لۆنا شبل" لەمامۆستای زانكۆ دوورخراوەتەوە و چەند دۆسییەكی گەندەڵیشی لەدژ جولێندراوە.