plus4
پێش 4 مانگ
حەسەن زیرەک لەڕۆژی 29ی تشرینی دووەمی ساڵی 1921 لە دایکبووە، هەندێک دەڵێن لە بۆکان لەدایکبووەو هەندێکیتریش دەڵێن لەگوندی هەرمێلەی سەقز.
حەسەن زیرەک لەمنداڵییەوە گۆرانی وتووەو بەهۆی لێهاتووییەوە، بە زیرەک ناسراوە، سەردەمانێک ڕوویکردووەتە کوردستان و لەساڵی 1953ش چووەتە بەغداو هونەرمەند عەلی مەردان دەبینێت، بۆ یەکەمجار دەنگی لەڕادیۆی بەغدا تۆماردەکرێت و پاشان چەندین بەرهەمی لەڕادیۆکە تۆمارکردووەو بووەتە هۆکارێک بۆ بەناوبانگبوونی.
حەسەن زیرەک لەساڵی 1958 گەڕاوەتە ئێران و لەڕادیۆکانی تاران، کرماشان و تەورێز گۆرانیی وتووە، لەهەمان ساڵدا، میدیا زەندی، میدیاکاری کورد دەناسێت و ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێکدەهێنێت و دوو منداڵیان دەبێت.
ئەم هونەرمەندە مەزنە شیعری زۆرێک لەشاعیرانی کوردی کردووە بەگۆرانی و مەقام، لەوانە نالی، وەفایی، پیرەمێرد، هێمن، سەید کامیلی ئیمامی، کوردی و هەردی و چەندینیتر.
حەسەن زیرەک لەڕۆژی 26ی حوزەیرانی 1972 لەبۆکان کۆچی دواییکردووەو هەر لەوێش نێژراوە ژمارەیەکی زۆر لەهونەرمەندان بەرهەمەکانیان گوتووەتەوە، بەشێکیش لاسایی دەنگی دەکەنەوەو بەیەکێک لەمەزنترین هونەرمەندانی کورد لەهەرچوار پارچەی کوردستان و گەوهەری گۆرانیی کوردی ناوزدەند دەکرێت.