بازگەی جیمەن
plus4
پێش 6 مانگ

بازگەی چیمەن، بەشێوەیەکی نیمچەیی بەڕووی هاووڵاتیان و شۆفێراندا داخراوەو لەئێستاشدا کارمەندانی بازگەکە تاک و تەرا ڕێگە بەهاووڵاتیان و شۆفێران دەدەن بە بازگەکەدا بێن بەرەو شاری کەرکوک.

ئەمەش ئاستەنگێکی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە، بەڕادەیەک نۆرەی ئۆتۆمبێل لەبازگەکەوە گەیشتووەتە ئەودیوی ناحیەی قەرەهەنجیر.

ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئۆتۆمبێل لەڕێگەی بازگەکە گیریان خواردووەو ناتوانن بەبازگەکەدا نە بێنەوە نێو شاری کەرکوک، نە بگەڕێنەوە بەرەو چەمچەماڵ و سلێمانی و ئەو شوێنانەی لێوەی هاتوون، یاخوود بەڕێگەیەکی تردا بێنە نێو شاری کەرکوکەوە، لەکاتێکدا دەیان ئۆتۆمبێل منداڵ و نەخۆش و کەسانی پیرو پەککەوتەیان تێدایە.

تائێستا هیچ لایەنێکی بەرپرس ئاماژەی بەهۆکاری دروستبوونی ئەو جەنجاڵییەی نێو بازگەکە نەکردووە.

بۆ زانینی هۆکاری دروستبوونی ئەو قەرەباڵغییەو ڕێگەنەدان بەتێپەڕبوونی شۆفێران بە بازگەکە، plus4 پەیوەندیی بەژمارەیەک لایەنی پەیوەندیدارەوە کرد، بەڵام هیچ کامیان ئامادە نەبوون وەڵام بدەنەوە.