plus4
پێش 6 مانگ
پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە عێراق کردووە لەسەر بنەمای هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و عێراق، مووچەو دەرماڵەی هێزی پێشمەرگە هاوتای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێت.
لەوبارەیەوە لیوا بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێسمەرگە ڕایگەیاند: وەزارەتی پێسمەرگە لیژنەی تایبەت بەم پرسەی هەیەو پێشتریش ویستوویانە مووچەو دەرماڵەی هێزەکانی پێشمەرگە هاوتای هێزەکانی عێراق بکەنەوە.
وتیشی: بەهۆی نەبوونی بوودجەی پێویست، نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن، بەڵام گەر بوودجەی وەزارەتی پێشمەرگە بچێتە سەر بەغدا، ئەوا هەوڵدەدەین مووچەو دەرماڵەکان هاوتا بکەین.
لیوا بەختیار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو پرسە لەئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایش باسکراوە، بەڵام هەنگاوە کردارییەکان ماون، ئەویش پەیوەستە بە بوودجەو بڕیاری کۆتای بەغداوە، زیادبوونی پارەکەش پەیوەستە بەپلەی فەرمانبەران کە لە ٢٠٪ تا ٥٠٪ زیاد دەکات لەسەربازێکی ئاساییەوە تا ئەفسەرێک بەپلەی عەمید .